وەزارەتی خوێندنی باڵا چەند بڕیارێكی دەركرد

ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە ئامادەبونی سەرجەم سەرۆك زانكۆكان كۆبووەوە و چەند بڕیارێكی گرنگ و تایبەت بە كاندیدانی ماستەر و دكتۆرا و خوازیارانی نازناوی زانستی دەركرد.

كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە سەرۆكایەتی ئارام محمد قادر، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزارەت، بەڕێوە چوو تیایدا ژمارەیەك بڕیار دەركرا كە گرنگترینیان مەرجی توانستی زمان بۆ كاندیدانی ماستەر و دكتۆرا نابێتە مەرجی پێشەكی و هاوتەریب لە گەڵ خوێندندا دەبێت. 

بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزارەت:

لەبەشێكی دیكەی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت چەند راسپاردەیەكی تر گفتوگۆیان لەبارەوە كراو بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا لەوانە:

1-كاندیدانی ماستەر و دكتۆرا، كە تا ئێستا ماونەتەوەو، مەرجی توانستی زمانیان بەدەستنەهێناوە، رێگەیان پێدەدرێت دەست بكەن بە كۆرسی ئەكادیمی، لە هەمان كاتدا بەردەوام بن لە كۆرسەكانی زمان لە سەرجەم سێنتەرەكانی زمان لە زانكۆكانی هەرێم بەهەمان ستانداردەكانی پێشوو، كە لەڕێنماییەكاندا هاتوە، بەمەرجێك تاقیكردنەوەی كۆتایی بە شێوەیەكی مەركەزی و بەسەرپەرشتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجام دەدرێت و، دواتر ڕێنمایی نوێی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە بۆ ساڵی ئەكادیمی (٢٠١٩-٢٠٢٠) دەردەچێت.

2- سەبارەت بەو كاندیدانەی كە ئێستا بەردەوامن و بەشدار دەبن لە تاقیكردنەوەی ئیمیدیست، لە دوای رێكەوتی (٢٥/٨/٢٠١٩) پاڵپشت بەئەنجامی تاقیكردنەوەكان دەگەڕێنەوە سێنتەرەكانی زمان لە زانكۆكانی هەرێم.

3-سەبارەت بە داواكارانی نازناوی زانستی، سێنتەرەكانی زمان راسپێردران بۆ ئامادەكردنی پێشنیازو چارەسەری تایبەت بەپرسی زمانی ئینگلیزی بەهۆی ئەوەی داواكارانی نازناوی زانستی كەیسی جیایان تێدایە كە پێویستیان بە دیراسەیە.

4- لە داهاتوودا ستراتیژیەتی وەزارەت ئەوەیە، سێنتەرەكانی زمان رادەسپێردرێن رێنمایی تایبەت بە زمانی ئینگلیزی دابڕێژن بۆ ئەوەی لەمەودوا رەچاوبكرێت، كە ئەمەش دەبێتە هۆكارێك بۆ پێشخستن و ئەكتیڤكردنی سەرجەم سێنتەرەكانی زمان.

5- لەم خاڵانەی سەرەوەدا ڕەچاوی ئەوە دەكرێت، كە ئەم پرۆسانە گەرەنتی دەبن بۆ پاراستنی كواڵێتی زمانی ئینگلیزی.

6- سەبارەت بە داواكاری خوێندكاران/قوتابیانی دكتۆرا، ئەوانەی كە سەرجەم مەرجەكانی بەدەستهێنانی بڕوانامەیان تێدایە، تەنها مەرجی  توانستی زمانی ئینگلیزییان نیە، دەتوانێت گفتوگۆی تێزی دكتۆراكەی بكات، بەڵام بڕوانامەی پێ نابەخشرێت، تاكو بەدەستهێنانی مەرجی زمان.

7-لەبارەی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان: ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا لە كۆبونەوەی لێژنەی باڵای خوێندنی باڵا، كە لێژنەكە لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرۆكایەتی دەكرێت و هەریەك لە یاریدەدەری سەرۆك زانكۆكان بۆ كاروباری زانستی تیایدا ئەندامن، دیراسەی ئامادەكردنی ڕێنماییەكانی خوێندنی باڵا دەكرێت، دواتر ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزارەت دەكرێت بۆ پەسەندكردن.

8- سەبارەت بە پلانی وەرگرتنی خوێندكاران/ قوتابیانی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگەكان، ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا پێداچونەوە بەپلانەكان بكرێت و هەفتەی داهاتو بگەڕێنرێتەوە بۆ وەزارەت تاكو پەسەند بكرێت.

9-  بۆ پێدانی نازناوی زانستی بۆ ئەوانەی كۆنمرەی بەكالۆریۆسیان لە %60 كەمترە، ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەرو بەدەستهێنانی سەرجەم مەرجەكانی نازناوی زانستی و بڵاوكردنەوەی دوو توێژینەوە، نازناویان پێدەدرێت بەمەرجێك پێنج ساڵ خزمەت بكەن لە زانكۆكانی دەرەوەی شارە گەورەكان، جگە لە زانكۆكانی (سەڵاحەدین – سلێمانی - دهۆك). دواتریش بۆ ئەم مەبەستە لەلایەن وەزارەتەوە گشتاندنێك ئاراستەی زانكۆكان دەكرێت.

10-  لەسەر داوای خۆیان و، لەچوارچێوەی یاساو ڕێنماییەكان، ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا بەناساندنی زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی وەك زانكۆیەكی قازانج نەویست.

لەبەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا، هەریەك لە سەرۆك زانكۆكان راو پێشنیازی خۆیان لەبارەی خاڵەكانی تری كۆبونەوەكە خستەڕوو كە پەیوەست بون بەپرس و بابەتەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.




PM:07:39:21/08/2019