حەشدی شەعبی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی کردە ئامانج

ئێوارەی ئەمڕۆ حەشدی شەعبی ڕایگەیاند فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانیان لەسەر یەكێك لە بارەگاكانیان لە بەغدا كردووەتە ئامانج.

حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە داوە كە ئەمشەو فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان بەسەر یەكێك لە بارەگاكانیاندا تێپەڕیوە لە شاری بەغدا، ئەوانیش فڕۆكەكەیان كردووەتە ئامانج.

حەشدی شەعبی دەڵێت كە فڕۆكەكە بەسەر بارەگای لیوای 12ی پشتێنی بەغدادا تێپەڕیوە و ناچاریان كردووە ئاسمانی ناوچەكە چۆڵ بكات.

 دوێنێ چوارشەممە ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری فەرماندەی گشتیی حەشدی شەعبی ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس لە راگەیاندراوێكدا ڕایگەیاند دوژمنانی عێراق دووبارە و بە ڕێگەی جیاواز پلان دادەڕێژن لە دژی هێزەكانی حەشدی شەعبی، ئەمریكا كە بە دان پێدانانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكیان، دەستی هەبووە لە هێنانی ڕێكخراوی تیرۆریستی بۆ سەر عێراق، بەردەوامە لە پێشێلكردنی سەروەریی عێراق و كردنە ئامانجی حەشدی شەعبی.

دەشڵێت كە ئه‌مه‌ریكا چوار فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی ئیسرائیلی له‌ ئازه‌ربایجانه‌وه‌ هێناوه‌ته‌ سەر عێراق، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی كه‌شتیگه‌له‌كه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ن و ئاسمانی عێراق كۆنتڕۆڵ بكەن.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە كە ئەمریكا بە نیازە سەركردەكانی حەشدی شەعبی تیرۆر بكات، بۆیە ئەوانیش بەرگری لە خۆیان دەكەن و ڕێگەی تریان لە پێش نیە و دەڵێت "لەمەودوا هەر فڕۆكەیەك به‌ بێ مۆڵه‌تی حكوومەتی عێراقی، بێته‌ سه‌ر ئاسمانی وڵاتەكە، به‌ فڕۆكه‌ی دوژمن له‌ قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ن و دەیكەنە ئامانج".

ئەمڕۆش لەراگەیاندراوێکدا دوای کۆبوونەوەیان هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە دەزگا بەرپرسەکان لێکۆڵینەوە لەو تەقینەوانە بکەن و دیراسەی بکەن و شەڕی بە وەکالەت لە عێراق نەکرێت



PM:08:27:22/08/2019