پێشبینکارێکی کەش و هەوای عێراق رایگەیاند تەوژمێكی گەرمی لەگەڵ كەشێكی شێدار لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ڕوو لەعیراق دەكات.
سادق عەتیە، پێشبینیکار كەشناسی عیراقی لە پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبوك بڵاویكردوەتەوە، لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا بەشێوەیەكی پلەبەندی پلەی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكات، بەدیاریكراویش لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، بەجۆرێك كاریگەریی هەوای سارد قەتیس دەبێت و هاوشان دەبێت لەگەڵ بەرزە هەوایەكی ناوچەیی و دەبێتە مایەی ئەوەی لە شەودا كەشێكی مامناوەند و لە ڕۆژدا گەرم بێت، پلەی گەرماش لە دەوروبەری (4-5) پلەی سەدی، بەراورد بەكاتی ئاسایی، بەرزدەبێتەوە”.
عەتیە دەشڵێت، "لەگەڵ سەرەتای هەفتەی داهاتوو، ئاراستەی با گۆڕانكاریی بە سەردادێت لە زۆربەی شارەكانی وڵات، لە زۆربەی كاتەكانیشدا هێوربوونەوە بەخۆوە دەبینێت، ئەمە وادەكات زیاتر هەست بە گەرما بكەیت".
ناوبراو ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ئاستی شێداریش دەكات لە شارەكانی باشوور (بەسرە و میسان و زیقار)، بەجۆرێك كەشوهەوا لە ڕۆژگاردا تێكدەچێت لەو شارانەدا و گۆڕانكاریش لە ئاراستەی بادا دروست دەكات كە بۆ ماوەی هەفتەیەك، یان زیاتر درێژە دەكێشێت، ئەمەش وەك پێشبینییەكی سەرەتایی كە پشتی بە جوڵەی سیستمی گوشارە كاریگەرەكان بەستووە.