شاسوار عەبدولواحید کارەکانی دەگوازێتەوە بۆ هەولێر

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی نەوەی نوێ کە لەهەندێک لە چالاکیەکانیاندا گرنگی بە ئاوەدانکردنەوە دەدات و حکومەتی هەرێمی ناچارکردووە هەندێک پرۆژە نۆژەن بکاتەوە، ئاراستەی چالاکییەکانی دەگوێزێتەوە بۆ ناوچەکانی هەولێر.

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی نەوەی نوێ لە راگەیاندنێکدا دەڵێت" لەم هەفتەیەدا دەروازەی شاری "سۆران" لە سنوری پارێزگای هەولێر و هەروەها پارکی دەروازەی "رانیە" نۆژەن دەکەینەوە".

هەروەها دەڵێت "ماوەی چوار مانگە حکومەتی هەرێم و ئیدارەی شاری سۆران، دەروازەی شارەکەیان تێک داوە و بۆیان چاک ناکرێت، بۆیە تیمی ئەندازیاری نەوەی نوێ لە ماوەی یەک هەفتەدا ئەوە چاک دەکات کە ئەوان بە ٤ مانگ تەواویان نەکردوە و ئێمە لە یەک هەفتەدا لە سەدا سەد تەواوی دەکەین".

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات " لە هەمان کاتدا تیمەکە پارکی دەروازەی شاری رانیە نۆژەن دەکاتەوە بە جۆرێک هاوڵاتییان و مندالانی ئازیز سودێکی لێ ببینن".

لە کۆتاییدا راگەیاندراوەکەیدا دەڵێت" هێندەی بتوانین خزمەتی خەلکی خۆمان و تەواوی شارەکانی کوردستان دەکەین بەم ئیمکانیەتە کەمەی کە هەمانە، وە هەوڵ دەدەین وەک هێزێکی نوێی سیاسی ئاراستەی سیاسەتکردن و حیزبایەتی لە هەرێمی کوردستان بگۆڕین لە شێوازی تەقلیدی و کۆنەپەرستیەوە بۆ شێوازی مۆدێرن و خزمەتکردن".

هەفتەی پێشوو لە ڕاگەیەندراوێکدا شاسوار عەبدولواحید جەختی کردەوە کە لەماوەیەکی کەمدا تونێلی دەربەندیخان نۆژەندەکاتەوە، بەڵام هەر زوو حکومەت هات بەدەنگەوە دەستی بە نۆژەن کردنەوەی کرد.



AM:10:06:24/08/2019