" تا ئێستا تورکیا رێگای نەداوە یەکێتی نووسینگەکەی لەو وڵاتە بکاتەوە"


میدیایەکی نزیک پارتی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات سەرباری ئەوەی پەیوەندیەکانی تورکیاو یەکێتی روو لەباشبوونە، بەڵام تا ئێستا نەگیشتۆتە ئەو ئاستەی تورکیا رێگا بەیەکێتی بدات وەک پێشتر نووسینگەی پەیوەندیەکانیان لەو وڵاتە بکەنەوە.

مالپەڕی "باس"ی نزیک پارتی لە راپۆرتێکدا نوویسوویەتی " لە کۆتایی مانگی ١٠ی ٢٠١٨ەوە تاوەکوو ئێستا، یەکێتی بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات تورکیا ڕازی بکات، تاوەکوو نوێنەرایەتیی حزبەکە لە ئەنقەرە بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش تەنانەت ڕێککەوتن لەسەر قەدەغەکردنی چالاکییەکانی پەکەکە لە سنووری یەکێتی کراوە، بەڵام هێشتا تورکیا بەمە ڕازی نەبووە".

لەو بارەیەوە سەعدی پیرە، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكان و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ڕایگەیاندووە ”ئەو كۆسپانەی لەبەردەم كردنەوەی نوێنەرایەتیی یەكێتی لە توركیا هەبوون، وردە وردە كۆتاییان پێ دێت".

ئەوەشی ئاشکرا کردووە كاتی خۆی شاندێكیان چوو بۆ توركیا، لە سەردانەكەی د. بەرهەم ساڵحیش بۆ ئەنقەرە و ئیستەنبۆڵ، گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە كراووە.

بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی یەكێتی پێیوایە كە بەهەڵە تێگەیشتن هەبووە و ”ڕەنگە بەشێوەیەك توركیا پشتی بە ڕاپۆرتێكی ناڕاست بەستبێت لە دژی پەیوەندییەكانی هەردوولامان"، بۆیە نوێنەرایەتییەکەیان لە تورکیا داخرا و نوێنەرەکەشیان لەو وڵاتە دەرکراوە.

 ڕۆژی ٢٣ی ٨ی ٢٠١٧، حکوومەتی تورکیا پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پچڕاند و نوێنەرایەتی یەکێتی لەو وڵاتە داخست.



AM:11:45:26/08/2019