کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی دوا کەوت

هەڕچەندە بریاربوو رۆژی پینج شەممە ٢٩ی ئاب سەرکردایەتی یەکێتی لەسەر پرسی کۆنگرەی حیزبەکەیان کۆببنەوە، بەلآم بەبێ راگەیاندنی هۆکارەکەی دواکەوت.

سەرچاوەیەکی بەرپرس و ئاگادار لە یەکێتی یەوە بە سپی راگەیاند" کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی کە بڕیار بوو رۆژی پێنج شەممە لە سلێمانی سازبکرێت، دوا کەوت".

سەرچاوەکەی سپی، هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەکەی گەڕاندەوە بۆ سەرقاڵی بەرهەم ساڵح سەرۆکی عێراق بەکاروباری ولآت و ئەکامەکانی هێرشکردنە سەر بنکەکانی حەشدی شەعبی لەناوەراستی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە.

تا ئێستا کاتی نوێ دەستنیشاننەکراوە بۆ سازدانی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی لەلایەن مەکتەبی سیاسی یەوە.

هەندێک سەرچاوەی نافەرمی دواخستنی کۆبوونەوەکە دەگەڕێننەوە بۆ ئەو ناکۆکیانەی لە دوای دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەتی هەرێمەوە، لەناو ئەو حیزبەدا دروستبووە.

هەروەها هۆکارێکی تری سازنەدانی کۆبوونەوە دەگەڕێننەوە بۆ رێکنەکەوتنی باڵەکانی نێو یەکێتی لەسەر کات و چۆنێتی سازکردنی کۆنگرەو تەوافق لەسەر فۆرمی سەرکردایەتی نوێی یەکێتی و دابەشکردنی پشکەکان. 



PM:08:57:27/08/2019