ژمارەیەک رۆشنبیر داوا دەکەن هەرێم لە ململانێی نێوان ئەمەریکاو ئێران نەچێتە هیچ بەرەیەکەوە

گرووپی پەنجەرە کە گرووپێکی " واتس ئەپ "ەو ژمارەیەک رۆژنامەنووس و رۆشنبیر و سیاسی هەمەلایەن بەشدارن تیایدا باسی دوا ململانێکانی نێوان ئەمەریکاو ئێران دەکەن و گەیشتوونەتە ئەو رایەی کە پێویستە هەرێم نەچێتە هیچ بەرەیەکی ئەو ناکۆکیەوە.

پوختەیەکی گفتوگۆکە.. 

هەرێمی كوردستان لە بەرداشی ململانێكانی واشنتۆن _ تاران 
پوختەی گفتوگۆی بەشدارانی گروپی "پەنجەرە"

جێگری سەرۆکی ئەمەریكا مایك بینس، رۆژی سێ شەممە (28 ئابی 2019) لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی، جەختی لە كۆمەڵێك شت كردوەتەوە؛ نیگەرانی ئەمەریكا لە "بەردەوامی میلیشیا پاڵپشتیكراوەكان لە ئێرانەوە لە لاوازکردنی ئاسایش و سەروەری عێراق"، هەڕەشەی گرتنەبەری هەنگاوی دیکە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری "میلیشیا پاشكۆكانی ئێران لەعێراق". ناساندنی یاسای ''گلۆبال مەگنتیسکای'' بۆ سنورداركردنی چالاكی میلیشیا شیعەكانی عێراق (سەرچاوە: بەیاننامەی كۆشكی سپی).

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا میدیا فەرمییەكانی هەرێم و ئەوانەی نزیكن لە سیاسەتی ئاشكرای هەولێر زیاتر تیشكیان خستە سەر ئەو بەشەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە كە باس لە نزیكبونەوەی هەولێر _ بەغدا و مەترس داعش دەكات لەعێراق، بەڵام بڵاوكردنەوەی ناوەڕۆكی پەیوەندییەكەو باسكردنی "میلیشیا شیعەكان" بەو ڕاشكاوییە لەلایەن كۆشكی سپییەوە دەشێت وەك هەوڵێكی ئەمەریكی بخوێنرێتەوە بۆ بەكارهێنانی هەرێم لە شەڕی نفوزی ئێران لە عێراق. 

ئەم پەیوەندییە دەرگای بەسەر پرسیارێكی گرنگدا كردەوە؛ ئایا هەڵوێستی هەرێم چی دەبێت لە هەڵكشانی رۆژ بەڕۆژی ململانێكانی واشنتن و تاران كە بەمدواییانە لە تەنگەبەری هورمزەوە پەڕیوەتەوە بۆ عێراق؟ بەتایبەت پاش بەئامانجكردن و بۆردومانكردنی چوار كۆگای چەكی حەشدی شەعبی لە عێراق و كوشتنی فەرماندەیەك و پاسەوانەكەی لەم هێزە شیعییە فەرمییە لە رۆژئاوای عێراق لەلایەن فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی ئیسرائیلییەوە (راگەیەنراوە فەرمییەكانی حەشد). 

هەرێم دۆستایەتی و نزیكایەتی لەگەڵ ئەمەریكا هەیە بەهەمانشێوەش لەگەڵ ئێران، بەڵام بەهۆی سنور و دراوسێیەتی لەگەڵ ئێران و باڵەكانی تاران لە عێراق لەبەرداشی دوو كارتێكەری هەستیاردایە كە پاڵپشتی ئەمەریكی و نینۆكی ئێرانییە، ئەم دوو دەوڵەتە ناكۆكەش لە ئەیلول و ئۆكتۆبەری 2017 دا سیاسەتی هەردوولایان بەرامبەر "ریفراندۆمی سەربەخۆیی"  یەكیگرتەوەو سەرباریی ناكۆكی و ململانێ قووڵەكانیان بوونە هۆی لەدەستچوونی كەركوك و شەنگال و خانەقین و چەندین ناوچەیتری گرنگی جێناكۆك كە بەشێكن لە سنوری مێژویی كوردستان. 
لە ئێستادا حكومەتی هەرێم بێدەنگی هەڵبژاردووە بەرامبەر ململانێكە، بەڵام لەپاش بەیاننامەكەی كۆشكی سپی رەنگە زیاتر بكەوێتە بەر گوشار بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆی ڕوون بكاتەوە، بەهۆی سەختی ململانێكانیشەوە لەناوچەكە تادێت دەرفەتی كەنارگیری بەرتەسكتر دەبێتەوە، بۆ نمونە سەعد حەریری سەرۆك وەزیرانی لوبنان كە لەهەرە نزیكترین دۆستەكانی ئەمەریكایە لەو وڵاتەو ڕكابەرو لەهەمان كاتدا قوربانی دەستی حیزبوڵڵای لوبنانیشە، ناچاربووە لەپێناو پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی وڵات و بەردەوامیی كابینەكەی دەنگ بەرامبەر سوڕانەوەی فڕۆكەی ئیسرائیلی هەڵبڕێت لەسەر بەشە حیزبوڵڵا نشینەكەی بەیروت "الچاحیە الجنوبیە" و بە تێكدەری ئۆقرەیی و پێشێلكاریی سەروەری لوبنان لەقەڵەمی بدات لەكاتێكدا تازە لەواشنتۆن گەڕاوەتەوە لەمەزراكەی خۆشی میوانداریی مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای كردووە. 

هەندێ لەچاودێرو دەستەبژێرە كوردییەكان پێیان وایە لەپاش ئەزموونی 16 ئۆكتۆبەر و لەدەستچوونی كەركوك، ئەمەریكا جێگەی متمانە نییە بۆ كورد، هەندێكیتر باس لەوە دەكەن لە دۆسیەی لێکەوتەکانی ڕیفراندۆمدا، كورد مافی گلەییكردنی لەھەڵوێستی  ئەمریکاو وڵاتانی ڕۆژئاوا نییە چونكە خۆی دژ بەویستی ئەوان جوڵاوەتەوە لەو پرسەداو ئەبێت قبوڵی دەرەنجامەكەشی بكات، لەنێوان ئەم دوو بۆچوونەشدا ڕایەكی سێیەم هەیە داوای تێپەڕاندنی ئاریشەو گرژییەكانی سەردەمی ریفراندۆم و 16 ئۆكتۆبەر دەكات لەپێناو بیركردنەوەیەكی هەنوكەیی پێویست بۆ چۆنیەتی بەرەنگاربونەوەی پێشهاتەكانی ئێستاو ئەگەرەكانی چەند رۆژی داهاتوو.

زۆربەی بەشداران كۆكن لەسەر ئەوەی ئێران و ئەمەریكا هەریەك بەرژەوەندیی خۆیان هەیەو لەنێوان ئەو دوانەشدا كورد بەرگەی ئەوە ناگرێت و جیۆپۆڵەتیك و بارودۆخەكەی رێگەی نادات بەڕوونی بچێتە هیچ لایەكی كێشمەكێشەكە، ئەمە لەكاتێكدا وا دەردەكەوێت لەژێر گوشاردا بێت بەتایبەت پاش دزەكردنی هەندێك زانیاری كە باس لەوە دەكەن شان بەشانی تەلەفۆنەكەی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا، دەسەڵاتدارانی بەغداش داوای هەڵوێستیان لە حكومەتی هەرێم كردبێت بەرامبەر بەئامانجگرتنی بارەگاكانی حەشدی شەعبی كە بەیاساو بەتیۆری بەشێكن لە سیستمی بەرگری عێراق. 

-----------
ئامادەكردن و داڕشتنەوەی: یاسین تەها 
---------------------------------
بەشداران:
 ئازاد جوندیانی
چیا عەباس
محەمەد عەلی
دانا ئەسعەد 
كامەران فاخر 
نەوشیروان حسێن 
عەبدولڕەزاق شەریف
نوری بێخاڵی 
یاسین تەها 
ئیسماعیل خورماڵی 
سۆران ڕەشید



PM:09:47:28/08/2019