ناکۆکیەکانی لەگەڵ ئەمریکا... ئێران بە مەرج دانوستان دەکات

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ڕابەری کۆماری ئیسلامی دانوستان لەگەڵ دۆناڵد ترامپ ناکات تاکو ئەمریکا ئەو تیرۆرە ئابوریەی کە زیانێکی زۆری گەیاندوە بە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی ڕانەگرێت.

معەمەد جەواد زەریف ڕاشیگەیاندوە، هەڵگرتنی سزا ئابوریەکانی سەر ئێران لەلایەن ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاوە دەکرێ یارمەتی ڕێکخستنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیش بدات کە لەساڵی ڕابردودا ئەمریکا تاکلایەنە لەو ڕێککەوتننامەیە کشایەوە.

هەروەها پابەند نەبونی ئێران بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بە ڕێککەوتننامەکەوە گەڕاندەوە بۆ کشانەوەی ئەمریکا لەو ڕێککەوتننامەیەوە و وتیشی، دەکرێ جارێکی دیکە پابەندببینەوە بە بەندەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیەوە ئەگەر ئەمریکا سزاکانی سەر وڵاتەکەی هەڵبگرێت و بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتننامەکە.

زەریف لەبەردەم مونتەدای کوالالمپور لە مالیزیا وتی،" ئەمریکا دەڵێت لەگەڵ تیرۆریستان دانوستان ناکەین بەڵام خۆی پاڵنەرە بۆدروستبونی تیرۆر" ئەمەش وەک ئاماژە بۆ سزا ئابوریەکانی سەر ئێران.



AM:11:49:29/08/2019