ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پرۆژەیاسای بودجەی 2020 ئامادە دەكات و وەزیری كشتوكاڵیش ڕایدەگەیەنیت، 10%ی كۆی بودجە بۆ كشتوكاڵ دەبێت.
لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند: بەمەبەستی زیاتر گرنگیدان بەبەرهەمی ناوخۆو زەرەرمەندنەبوونی جوتیاران، لەڕۆژی یەكشەممە 1ی9ی2019ەوە، هاوردەكردنی هەنار لەدەرەوەی هەرێمی كوردستان قەدەغە دەكرێت، ئەو بڕیارەش لەپێناو زیاتر پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵی و ساغبوونەوەی بەرهەمی جوتیارانی ناوخۆیە.
لەبارەی بودجەی وەزارەتەكەوە، وەزیری كشتوكاڵ ڕایگەیاند "لەئایندەیەكی نزیكدا ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی پرۆژەیاسای بودجەی 2020ی هەرێم ئامادە دەكات، ئێمەش بەرنامەو پلانی خۆمان هەیە، بەپێی ستانداردی جیهانیش 10%ی بودجەی گشتی وڵات بۆ كەرتی كشتوكاڵ تەرخان دەكرێت، هەرچەند لەرابردوودا بودجەیەكی زۆر كەم بۆ ئەو مەبەستە تەرخانكراوە، بەڵام لەئێستادا داوای دابینكردنی بودجەیەكی تەواومان كردوەو دڵنیاشین حكومەتیش پاڵپشتی تەواومان دەكات".
سەبارەت بەدابینكردنی پەین و مەوادی كیمیایی بۆ ناوچە كشتوكاڵییەكان، بێگەرد تاڵەبانی ئاشكرایكرد: هەموو هەوڵێكمان چڕكردۆتەوە بەمەبەستی هاوردەكردنی دەستی وەبەرهێنی بیان و ئامێرو كەلوپەلی پێشكەوتووی كشتوكاڵی، تا لەو ڕێگەیەوە زۆرترین بایەخ بەكەرتی كشتوكاڵی بدەین و پشتگیری تەواویش لەبەرهەمی ناوخۆ بكەین.