ژمارەیەك سەرپێچیكار ڕووبەڕووی پۆلیسی ژینگە دەبنەوە

لە گوندێكی سنووری شارباژێر، ژمارەیەك لە سەرپێچیكارانی ژینگە رووبەڕووی هێزەكانی پۆلیسی دارستان بوونەوە و پۆلیسیش دەڵێت: باردۆخەكە كۆنتڕۆڵكراوە.

بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و پاراستنی ژینگەی سلێمانی‌ رایگەیاند، لە ئێستادا بڕینی داری دارستانەكان و خەڵوزكردن بووەتە دیاردە و لە لایەن هەندێك لە هاووڵاتیان و گوندنشینانەوە پەیڕەو دەكرێت، هەرچەندە مەفرەزەكانی پۆلیسی دارستان بەردەوامن لە ڕێگریكردن لە سەرپێچیكاران، بەڵام گوندنیشینان بەبێ گوێدانە بەرپرسیارێتی سروشت و ژینگەی كوردستان دەشێوێنن، لەو چوارچێوەیەشدا لە سنوری شارباژێر 2 كورەی خەڵوز تێكدران.

پۆلیسی دارستان هەروەها ڕایگەیاندووە "لە ئەنجامی دەرچوونی مەفرەزەیەكی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی شارباژێر بۆ كێوماڵكردنی سنورەكەیان لە گوندی (هەباسە چەقەڵ) سەر بە قەزای شارباژێر، توانیان دەست بگرن بەسەر 6فەردە خەڵوز و تێكدانی 2 كورەی خەڵوز، دواتر خەڵكی گوندەكە ڕووبەرووی كارمەندانی پۆلیسی دارستان بوونەوە، بەڵام خۆشبەختانە هێزەكانی پۆلیسی محەلی و ئاسایش بە هاوكاری كارمەندانی پۆلیسی دارستانەوە هاتن و باردۆخەكە كۆنتڕۆڵكرا".



PM:02:55:01/09/2019