دڵشاد گەرمیانی بۆ نێچیرڤان بارزانی: هەندێکجار لە پشت ساتری سەنگەری پارتیەوە سووکایەتی بەقورئان دەکرێت


 دڵشاد گەرمیانی بەرپرسی پێشووی کۆمەڵی ئیسلامی لە نامەیەکدا کە بۆ نێچیرڤان بارزانی ناردووە، دەڵێت" سوكایەتی كردن بەقورئان و بیروباوەڕو هێرشكردنە سەر پیرۆزیەكانی موسڵمانان، لێرەو لەوێ و هەندێ جاریش لەپشتی ساتری سەنگەرەكانی پارتیشەوە، لەلایەن خەڵكانێكەوە، كەئەندامی باڵان لەحزبەكەی خۆتن".

لە نامەیەکدا کەسایەیتی ئاینی و سیاسی ناسراوی گەرمیان و کوردستان کە بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی ناردووەو تایبەتە بە هێرشکردنە سەر قورئان، دەڵێت" ناڵێین حكومەتی هەرێم حكومەتێكی ئیسلامیە و چاوەڕوانی ئەوەبین هەركەس سوكایەتی بەپیرۆزیەكانی ئیسلام و موسڵمانان كرد، حوكمی شەریعەتی خودای بەسەردا جێبەجێبكرێت".
 
لە نامەکەیدا دڵشاد گەرمیانی دەڵێت،"بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئێمە داوای شتێكی ناواقعی ناكەین، هەرگیز نەمان وتوە و ناڵێین حكومەتی هەرێمی كوردستان حكومەتێكی ئیسلامیە و چاوەڕوانی ئەوەبین هەركەس سوكایەتی بەپیرۆزیەكانی ئیسلام و موسڵمانان كرد، حوكمی شەریعەتی خودای بەسەردا جێبەجێبكرێت".

هەروەها دەڵێت "دەزانین لەحكومەتێكی پەرلەمانی دیمكراسی فرە ئایدیا و بیروباوەڕ جیاواز، ناتوانرێ هەمو كات هەمو خەڵك كۆنتڕۆڵبكرێت، هەندێ جار قسەو لێدوانی دژ بەبیروڕای یەكتر دەبیسترێ و دەوترێ، بەڵام نابێ ڕێگە بدرێ قسەو لێدوانەكان لەحاڵەتی ئاسایی دەرچن و هێڵە سورەكانی بەرامبەر ببەزێنن".
 
لە کۆتایی نامەکەشیدا دەڵێت "ئەو سوكایەتی كردنەش چۆن ئازاری سەرجەم موسڵمانانی هەرێم دەدات و برینداریان دەكات، بەهەمانشێوە خەڵكانێكی نوێژخوێنی ناو حزبەكەی خۆتیش هەراساندەكات، ئەم بابەتە هەستیارەو پێویستی بەچارەسەرە، ئومێدەوارم داواكەم دڵسۆزانە وەرگرن و بەرپرسانە مامەڵە بكەن".



PM:09:23:01/09/2019