عێراق رۆژانە ٣ ملیۆن‌و ٦٠٣ هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە

وەزارەتی نەوتی عێراق لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماری رۆژانەی نەوتی فرۆشراوی مانگی ڕابردوو و نرخی فرۆشتن لەبازاڕەکانی جیهانی بڵاو کردەوە، کە بەپێی ئامارەکە لەمانگی ڕابردوودا ٣ ملیۆن و ٦٠٣هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە.

ئەمڕۆ وەزارەتی نەوتی عێراق لەڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، مانگی ڕابردوو لەبەندەری بەسرە ڕۆژانە ٣ ملیۆن و ٤٣٥ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە کراوە.

هەروەها لە کێڵگە نەوتیەکانی کەرکوک، ڕۆژانە ١٠٥ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بەندەری جەیهان-ی تورکیا کراوە.
بە وتەی عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، هەناردەکردنی نەوت لەڕێگای تانکەر لەمانگی ڕابردوودا گەیشتۆتە ١٠هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.

وەزارەتی نەوتی عێراق دەستنیشانی کردووە، نرخی فرۆشتنی هەر بەرمیلێک نەوت بۆ مانگی ڕابردوو بە ٥٦.٧٧ دۆلار دیاری کراوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆی گشتی هەناردەکردنی نەوت لەمانگی ڕابردوو ٣ملیۆن و ٦٠٣ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بووە، لەبەرامبەر داهاتەکەشی ٦ ملیارو ٣٤١ ملیۆن دۆلار بووە.



AM:12:00:02/09/2019