تەندروستی سلێمانی لەبارەی ژەهراویبوونی ژمارەیەك كارمەند ڕوونكردنەوە دەدات

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لەبارەی ژەهراویبوونی ژمارەیەك  كارمەندو كارگوزاری نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی ڕوونكردنەوە دەدات و كۆمپانیایەكیش بەو هۆیەوە سزا دەدرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 2ی ئەیلولی  2019 د.یاد نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی، ، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای ئەوەی ژمارەیەیەك كارمەندو كارگوزاری نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی بە خواردنی نەخۆشخانەكە ژەهراویبوون، بەڕێوەبەری گشتی نەخۆشخانەكە سێ لیژنەی تایبەتی پێكهێناو دەستبەجێ بەدواداچوون دەستیپێكرد.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی وتیشی "ئەو كارگوزارانە، كارمەندی كۆمپانیای پاكەرەوەن و لەلایەن خودی كۆمپانیاكەیانەوە خواردنیان بۆ ئامادە دەكرێت، بۆیە دوای لێكۆڵینەوە دەركەوت ئەو شوێنەی خواردنەكەی تێدا ئامادە دەكرێت لەڕووی تەندروستییەوە گونجاو نییە، هەروەها شێوازی گواستنەوەی خواردنەكە گونجاو نەبووە".

ئەوەشی خستەڕوو بەڕێوەبەری گشتی بڕیاریدا بە غەرامەكردنی كۆمپانیاكە بەبڕی یەك ملیۆن دینارو هەروەها داخستن و گۆڕینی ئەو شوێنەی كە خواردنی تێدا ئامادەكرێت لەماوەی 48 كاتژمێردا.



PM:02:00:02/09/2019