خوێندکارێک لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە سکاڵای لەسەر تۆمار دەکرێت

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم بەتۆمەتی بێڕێزیکردن بە مامۆستایەک و هەڕەشە لێکردنی لەکاتی تاقیکردنەوەی نیشتیمانیدا سکاڵا لەسەر خوێندکارێک تۆمار دەکات.


وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم دەبێتە سکاڵاکار لە پۆلیسێک کە هاوکات خوێندکاری ١٢ی ئامادەییشە بەهۆی ئەوەی دوێنێ لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی ەروەردەی سلێمانی ئەو پۆلیسە هێرشی کردۆتە سەر مامۆستایەک و بێڕێزی بەرامبەر بەو مامۆستایە کردوە.

پۆلیسەکە کە سەربە لیوای نەوت و گازە و ناوی ( ‌‌ه . ع . م . ق) ە و مامۆستاکەش ناوی ( ڕ. ر . ک) بووە.

ئەمە لەکاتێکدایە لەکاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی نیشتیمانیدا ئەو خوێندکارە لەلایەن مامۆستای ناوبراوەوە بە قۆپیەوە گیراوە و هەمان کات خوێندکارەکە هەڕەشەی لە مامۆستاکە و چەند مامۆستایەکی دیکەش کردوە.

دوێنێش لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانیدا خوێندکارەکە هێرشی کردۆتە سەر ئەو مامۆستایە.

لەوبارەەوە وەزارەتی پەروەردە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە وەزارەت لێکۆڵینەەی وردی لە بابەتی قۆپیەکردنی ئەو خوێندکارە کردوە و دواتر داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کردوە ئەو پۆلیسە دەستگیر بکەن دوای چەند کاتژمێرێک دەستگیرکراوە.

لەپاش ڕوداوەکەی دوێنێش، وەزیری پەروەردە ئالان حەمە سەعید پەیوەندی بە هەڤاڵ ئەبوبەکر کردوە وەک سەرۆکی لیژنەی ئەمنی سلێمانی و داوای لێکۆڵینەوەی ڕوداوەکەی لێکردوە.

هاوکات وەزیری پەروەردە داوای لە باڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی دڵشاد عومەر هەروەها عومەر محەمەد یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەروەردە کردوە داوای یاسایی لەسەر ئەو خوێندکارە تۆمار بکەن.

هەر لەراگەیەنراوەکەی وەزارەتدا هاتوە وەزیری پەروەردە خۆی دەبێتە لایەنی سکاڵاکار لەو کەیسەدا.

AM:10:29:03/09/2019