ئاسایشی سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

ئاسایشی سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە ٧ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی ھاوڵاتییەک دەستگیر کردووە.

بەگوێرەی راگەیاندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، دوای ئەوەی شەوی رابردوو ٣ی ٩ی ٢٠١٩، لەنێوان  گەڕەکی زێڕینۆک و حاجی ئاوای شاری سلێمانی، کەسێک تەقەی لێکراو بەو ھۆیەوە گیانی لەدەستدا، پاش وەرگرتنی  بڕیاری دادوەر، ھێزەکانمان دەستیانکرد بە لێکۆڵینەوەو توانرا لەماوەی یەک کاتژمێرو نیودا یەکێک لە ھاوکارانی  ئەو تاوانە دەستگیربکرێت.

ئاسایشی سلێمانی، ئاشکراشیکردووە، تۆمەتبارەکە دانی بەوەدا ناوە کە کێشەیان لەگەڵ کوژراوەکەدا ھەبووە، ھەربۆیە بەھاوکاری چەند کەسێک بەرنامەیان داڕشتووە لە کاتژمێر(٩)ی شەوی ٣ی ٩ی ٢٠١٩، بە ئۆتۆمبیلێکی جۆری (B.M.W) لەنێوان گەڕەکی (زێرینۆک و حاجی ئاوا) بەچەکی کڵاشینکۆف تەقەیان  لە (رەمەزان محەمەد ساڵح) کردووە، کە پاش گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە ئاسایشی سلێمانی بەرێنمایی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم و ھاوکاری ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژھەڵاتی ھەولێر، توانیان  تاوانباری سەرەکی  و (٣) لە ھاوکارانی، لە بازگەی سماقوڵی دەستگیر بکەن، لەکاتێکدا بەنیازبوون ھەڵبێن بۆ شاری ھەولێر.

ئاسایشی سلێمانی، راشیگەیاندووە، سەرجەم تۆمەتبارانی ئەم تاوانە، کە ژمارەیان ٧ کەسە، بەپێی ماددەی (٤٠٦) لەیاسای سزادانی عیراقی دەستگیرکراون و توانرا دەستبەسەر (٥) ئۆتۆمبێل و (٣) چەکی جۆری کلاشینکۆفو دەمانچە بگیرێت، کە لە ئەنجامدانی تاوانەکەدا بەکاریان ھێنابوو.


PM:05:10:04/09/2019