سعودیە: لە هەشت کاتژمێردا دەتوانین ئێران بسڕینەوە

عەبدوڵا بن سولتان، شازادەی سعودیە ئاماژە بە سیستمی بەرگری سعودیە دەکات و دەڵێت، وڵاتەکەی توانایدا هەیە لە ماوەی هەشت کاتژمێردا ئێران بسرێتەوە.

عەبدوڵا بن سولتان، لە پێگەی فەرمی خۆی لە تویتەر نوسیویەتی" سعودیە لە توانایدا هەیە لە ماوەی هەشت کاتژمێردا ئێران بسرێتەوە، بێگومان ئەو ماوەیەش بەشێکە لە پرۆسەیەکی دو ساڵی پێش ئەوەی سیستەمی بەرگریمان بەهێزتر و پێشکەوتوتر  بکەین".

ئاماژەی بەوەشداوە کە هیچ وڵاتێک ناتوانێت خۆی بەرامبەر هێزی سەربازی سعودیە رابگرێت " ئەوەی نادیارە گەورەترە، سوپاس بۆخودا هیچ هێزیك نیە  لە جیهاندا خۆی بەرامبەر بە پێداگری و  یەکبون و بەرخۆدانمان رابگرێت".

لە نوسینەکەیدا هاوپێچی ڤیدۆیەکی شیکاری دەکات کە لە ساڵی 2016 دا لە کەنالی فەرمی سعودیە بلاوکراوەتەوە، تیایدا بەرواردی فرۆکە جەنگیەکانی سعودیە و ئێران دەکات و ئاماژە بە "ماوە بەسەرچونی" فرۆکە ئێرانیەکان دەکات.

پەیوەندیە دیپلۆماتیەکانی نێوان ئێران و سعودیە  ماوەی سێ ساڵە بەرەو خراپی دەروات ئەوەش بەهۆی لە سێدارەدانی کەسایەتیەکی دیاری شیعەکان لە سعودیە.



PM:05:51:06/09/2019