هاوسەرۆکی هەدەپە سەردانی باشووری کوردستان دەکات

بۆ یەکەمجارە، سزای تەمەلی هاوسەرۆکی هەدەپە سەردانی باشووری کوردستان دەکات و لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەو سەرۆکی حیزبەکان کۆدەبێتەوە.

بڕیارە سبەی شەممە ٧ی ئەیلول سزای تەمەلی هاوسەرۆکی هەدەپە بە یاوەری شاندێکی ئەو حیزبە سەردانی باشووری کوردستان بکات، ئەوەی تا ئێستا ساغبۆتەوە تەمەلی لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆدەبێتەوەو سەردانی هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێمیش دەکەن.

وەک میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردۆتەوە شاندی هەدەپە لە سەزایی تەمەللی و بەردان ئۆزتورك ئەندام پەرلەمان، نەزمی گوور جێگری هاوسەرۆكی هەدەپە، هوشیار ئۆزسۆی ئەندام پەرلەمان لەسەر بازنەی ئامەد پێكدێت.

هەرچەندە تا ئیستا هۆکاری سەردانەکە دیار نییە، بەڵام زانیاریە سەرەتاییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە سەردانەکە پەیوەندی بە پرۆسەی ئاشتی نێوان کورد و تورکیا، هەروەها لادانی سەرۆکی هەر سێ گەورە شاری ماردین و وان و ئامەد کە سەر بە هەدەپە بوون و لەلایەن ئاک پارتیەوە لابران و لەبریان " قەیوم" دانران.



PM:09:08:06/09/2019