سپی چۆنێتی سەردانی عەلی باپیر بۆ لای مەسعود بارزانی ئاشکرا دەکات

دوای ماوەیەکی زۆر لێکدابڕان، ئەمڕۆ ٨ ی ئەیلول، عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی سەردانی مەسعود بارزانی لە پیرمام کرد. 

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، کۆبوونەوەکە لەسەر داوای عەلی باپیر بووەو، دوای ئەو لێکدابڕانە زۆرە هەوڵی داوە ئەو بەستەڵەکەی نێوان خۆی و مەسعود بارزانی بتوێنێتەوە.

سپی زانیوویەتی عەلی باپیر ئەمیری کۆمەلێ ئیسلامی لە دوو رێگاوە داوای ئەو کۆبوونەوەیەی کردووە، رێگایەکیان لە رێگای فازل میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی بووە کە داوای لێکردووە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ مەسعود بارزانی بۆ رێکبخات.

سپی زانیوویەتی لەو دیدارانەی لەم ماوەیەی رابردوودا بەرپرسانی ئێران لەگەڵ مەسعود بارزانی ئەنجامیان داوە، داوایان لە مەسعود بارزانی کردووە کە نێوانی خۆی لەگەڵ ناوبراو چاک بکات و پێکەوە کۆبوونەوەو دیدارەکانیان ئاسایی بکەنەوە.

پەیوەندی نێوان عەلی باپیر و کۆمەڵی ئیسلامی و مەسعود بارزانی و پارتی لەو دەمەوە ساردە کە بەشداری بە کۆمەڵی ئیسلامی نەکرا لە حکومەت داو، هاوکات ئەو حیزبەش هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆنی گرتەبەر.



PM:04:56:08/09/2019