سەرجەم حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردن دەکەن

سەرجەم حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک بڕیاریاندا بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکە بکەن و داوای کۆبوونەوەی لوتکەش لە سەرکردایەتی سیاسی کورد دەکەن.

ئەمرۆ دووشەممە ٩ی ئەیلولیی٢٠١٩ حزبە کوردستانییەکانى شارى کەرکوک پاش کۆبوونەوەیان لە بارەکای حزبی شیوعی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەییدا رایانگەیاند،  بڕیاریانداوە بە یەک لیست بەشدارى لە هەڵبژاردنى داهاتووى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک بکەن و  لیستەکەشیان ناوناوە لیستی کەرکوکی کوردستانیی.

له‌كۆنگره‌كه‌دا  شێخ سدیق ئەحمەد، بەرپرسی کۆمیتەی پارێزگای کەرکووکی حیزبی شیوعی کوردستان، راگەیێندراوی هاوبەشی لایەنە کوردستانییەکانی خوێندەوە رایگەیاند کە لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتوون کە ئەمانەی لای خوارەوەن:

 
1. سەرجەم حیزبە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەکە بڕیاریاندا لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە یەک لیستی هاوبەش بەشداری بکەن بەناوی لیستی "کەرکووک کوردستانییە".

2. داوا لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەین لە نزیکترین دەرفەتدا کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامبدات و کاندیدی لیستی برایەتی وەک پارێزگاری کەرکووک ناوزەد بکات.

3. بەردەوامی بە کۆبوونەوەکان دەدەین لەگەڵ یونامی بۆ پاڵپشتی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک.

4. داوا لە هاونیشتمانیانی کەرکووک دەکەین، بە تایبەت کوردستانیان کە سەردانی ناوەندەکانی تۆماری بایۆمەتری بکەن و کارتی دەنگدان دەربکەن.

5. داوا لە سەرکردایەتی حیزبە کوردستانییەکان دەکەین کۆبوونەوەی لووتکە بکەن بۆ پاڵپشتی ئەو بڕیارە گرنگەی ئێمە.

6. جارێکی دیکە جەختکرایەوە لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.

7. لەسەرووی هەموو ئەو خاڵانەوە حیزبە کوردستانییەکان جەخت لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی سەرجەم پێکهاتەکانی پارێزگای کەرکووک دەکەن.

 



PM:12:44:09/09/2019