خانمان لەم مەترسیە ئاگادار دەكرێنەوە

لیژنە ھاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی خانمان لەمەترسی جۆرە ماكیاجێك ئاگادار دەكەنەوە كە زیانی گەورە بەپێستیان دەگەیەنێت و لە ئێستادا دەستی بەسەردا گیراوە و جەختیشدەكاتەوە، خاوەنی دوكانەكەش ڕوبەڕوی یاسا دەكەنەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی قائیمقامیەتی سلێمانی، لەپێشانگەی (زانیار) دەستبەسەر جۆرە ماكیاژێكی جوانكاری خانماندا گیراوە كە بەھۆی فێڵكردن و گرانفرۆشی شوێنەكەش دادەخەن، لەڕوی تەندروستیشەوە بەركەوتنی بەڕوناكی ماكیاژەكە زیان بەپێستی خانمان دەگەیەنێت.

ھەر بەگوێرەی زانیاریەكە، پێشانگەی زانیار لەكاسۆمۆڵ ئەوجۆرە ماكیاژە كە لەبازاڕدا پێی دەوترێت (ئەساس) كردۆتە ناو تیوبێكی شوشەو بەلەزگەیەكی چاپكراو كردویەتی بەماكیاژێكی ماركەو بەنرخێكی (٢٥)  ھەزار دینار بەخانمانی فرۆشتوە، لەكاتێكدا نرخە ڕاستەقینەكەی خۆی تەنھا سێ ھەزار دینارە، ئەمەش فێڵی بازرگانی (غش تجاری)یەو یاسا سزای خۆی بۆ ئەنجامدەرانی دیاریكردوە.

ئەوەش ڕونكراوەتەوە، لەڕوی تەندروستیەوە، بۆ ئەوەی كارلێك لەنێوان پێكھاتەی ماكیاژەكە لەگەڵ ڕوناكی ڕونەدات كۆمپانیای بەرھەمھێنەر ماكیاژەكەی كردۆتە ناو دەفرێكی ڕەنگ رەشەوە تازیان بەبەكارھێنەرانی نەگەیەنێت، بەڵام لەپێشانگەی زانیار بەھۆی كردنە ناو تیوبێكی شوشەوە وادەكات ئۆكسان ڕوبدات و پێستی خانمان توشی حەساسیەت، پەڵە، زیپكەو سوربونەوە بكات".

قائیمقامیەتی سلێمانی ڕاشیگەیاندوە، " لەلایەن لیژنە ھاوبەشەكانەوە پێشانگەی زانیار دادەخرێت و خاوەنەكەشی ڕوبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە".



PM:12:15:11/09/2019