عادل عەبدولمەهدی ڕەتیدەكاتەوە خاكی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر سعودیە بەكارهاتبێت

نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رەتیدەكاتەوە خاكی عێراق بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی دژی دامەزراوە نەوتییەكانی سعوودیە بەكارهێنرابێت و دەڵێت " عێراق پابەندە بە دەستوور و رێگەگرتن لە بەكارهێنانی خاكەكەی دژی وڵاتانی دراوسێ و براو و هاوڕێی".

نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "عێراق ئەو هەواڵانە رەتدەكاتەوە كە لە ژمارەیەك میدیای ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیدا بڵاوكراونەتەوە و باس لەوە دەكەن  خاكی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعوودییە بەكارهێنراوە، عێراق تەئكیدی دەكاتەوە پابەندە بە دەستوور و رێگەگرتن لە بەكارهێنانی خاكەكەی دژی وڵاتانی دراوسێ و براو و هاوڕێی، حكوومەتی عێراق بەتوندی رووبەڕووی ئەوانە دەبێتەوە دەیانەوێت دەستوور پێشێل بكەن".

لە بەیاننامەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو لیژنەیەكی عێراقیی پەیوەندار بۆ چاودێریی زانیاریی و پێشهاتە نوێیەكان پێكهێنراوە، داوا لە هەموو لایەنەكانیش دەكەین دەست لە هێرشكردنە سەر یەكتری هەڵگرن تا نەبێتە هۆی زیانی گەورەی گیانی و ماددیی بۆ سەر دامەزراوەكان.

ئەو روونكردنەوەیەی عێراق پاش ئەوەهات كە رۆژنامەیەكی ئەمەریك بڵاویكردەوە، شارەزایانی ئەمەریكی و سعوودیی لێكۆڵینەوە لە هێرشی سەر دامەزراوە نەوتییەكانی كۆمپانیای ئارامكۆ دەكەن و پێیانوایە ئەگەری هەیە مووشەكەكان لە عێراق یان ئێرانەوە ئاراستەی سعوودیە كرابن. ئێرانیش تۆمەتەكانی ئەمەریكا لەسەر تێوەگلانیان رەتدەكاتەوە.



PM:03:30:15/09/2019