ئەبوبەکر هەڵەدنی: ئەم خولەی پەرلەمان و حکومەت خراپترین خولن

ئەبوبەكر هەڵەدنی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان و حكومەتی هەرێم خراپترین خولن كوالێتییەكەیان زۆر نزمەو ناتوانن لە ئاستی پێویست بن.

ئەبوبەكر هەڵەدنی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كە خۆم لەناویام هەم حكومەت و هەم پەرلەمان خراپترین خولن كوالێتییەكەیان زۆر نزمەو ناتوانن لە ئاستی خواستدابن و ناشیانەوێت ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان بڕیار بەدەستبێت لە بەر ئەوەی ئەم حزبانە لەدەرەوەی یاسا لەدەرەوەی پرەنسیپە دیموكراسییەكانی حزبن و داهات و چەكدارو گروپی مافیایان لەدەستەو پەیوەندی نێودەوڵەتی پەیوەندی هەرێمییان هەیە و بۆ بەشێك لە ململانێكانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی پەنابردن  بۆ وڵاتانی دەرەوە هەژمونی خۆیان سەپاندووە".

ئەو پەرلەمانتارەی یەکگرتوو وتیشی "یاخود دەبێت لە ژێر فشاری نێودەوڵەتی وەك ئەوەی ئێستا هەیە لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەمریكاو بەریتانیاوە هەیە بۆ رێكخستنەوەو یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان"، یاخود بە فشارێكی ناوخۆیی گۆڕانكاری بكرێت كە ئێستا بەداخەوە تاك رەوی گەڕاتەوەو لە كوردستان دەنگی ئۆپۆزسیۆن لاواز بووە".

ئەبوبەكر هەڵەدنی هەڵوێستی خۆی لەبارەی دروستكردنی ئەنجومەنی سیاسی لە هەرێمی كوردستان خستەڕوو كەماوەیەكە لە ناو حزبەكان دەنگۆیەكی گەرمن و وتی "هیوادارم حزبەكان پەنا نەبەنە بەر ئەنجومەنێك كە بارگرانییەكی  تر لە هەرێم دروستبكات و من پێم وایە لە هەرێمێكی 6 ملیۆنیدا نە پێویستت بە 111 پەرلەمانتار، ئەنجومەنی پارێزگا، ئەنجومەنی شارەوانی، سێ دەسەڵات هەیە ئەم هەموو ئەنجومەنە ئەم هەموو جومگەو دامەزراوانە و ئەم هەموو ئەڵقانە لە حوكم رانییەتی زیادەو ئەگەر هەوڵێكی لەوجۆرەش بدرێت دەیسەلمێنین كە نە بڕوامان بەدەسەڵاتی یاسادانان نە بە جێبەجێكردن نەبەقەزایی هەیەو ئەزمونەكەمان دەگەڕێتەوە بۆ دواو عەیبداری دەكەین".
وتیشی "ئەم هێزانە لە جیاتی ئەوەی بیر لەدروستكردنی ئەڵقەیەكی دیكە بكەنەوە بابێن ئەم سێ دامەزراوەیە بەهێز بكەن و پشتیوانی بكەن و كارئەكتەرە بەهێزەكانی خۆیان بنێرنە ناو هەرسێ دامەزراوەكە یاخود دەسەلاتی دادوەری لێبگەڕێن با لەسەر پێی خۆی بوەستێت كە بەبۆچوونی من ئێستا دەسەڵاتی حزبی لەناو زانكۆكان و لە ناو دەسەڵاتی قەزائی و داواكاری گشتی زیاتربووەو دۆخی 2019 لە دۆخی 90دەكان دەچێت و حزب دەسەڵاتی بۆ هەموو كەلەبەرەكان درێژكردووەو دەیەوێت دەستی ئاوەڵا بێت".

لەبارەی كاری ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان وتی "هێشتا ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان بەرچاوی روون نییەو خۆی دەگونجێنێت لەگەڵ ئەو واقعەی لەكوردستان هەیە لەوڵاتە دیموكراتیەكان یەك ئۆپۆزسیۆن هەیە ئەویش ئەوەیە چاودێری حكومەت دەكات و رەخنەی لێدەگرێت و پرۆژەی بەدیلی هەیە و هەتا هەوڵی روخاندنی ئەو حكومەتە دەدات بۆ ئەوەی بچێتە جێگاكەی بەڵام بەداخەوە لەكوردستان بەهۆی ئەو واقعەی حزب دروستیكردووەو ئۆپۆزسیۆن ناسنامەو شوناسی خۆی ونكردووەو ئێستا ژمارەی ئۆپۆزسیۆن كەمە 21 كورسییە بەهەرچوار هێزەكە لە 111 كورسی پەرلەمان دەبوو ئەم چەندایەتییە بە چۆنایەتی قەرەبوو بكرایەتەوە دەبوو سەقفی داواكارییان یەك بخستایە هەر نەبێت داواكارییان یەك بێت كە بەداخەوە وا بۆ 10 مانگ دەچێت پەرلەمان كار دەكات ئەم هێزانە جگە لەوەی پرۆژەكانی یەكتر واژۆ دەكەین پێكەوە دانەنیشتون بەرنامەیەكی هاوبەش دابنێن.

نیگەرانی خۆی بە دۆخی نەوەی نوێ وەكو فراكسیۆنێكی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی كوردستان نیشاندا بەوەی كە، لەسەرەتاوە نۆرماڵ بوون "وەك كورد دەڵێت" كێشەو گرفتیان بۆ دروستبووە و لە كۆبوونەوەكانی داهاتوودا فراكسیۆنەكەیان دابەشدەبێت بۆ دوو ئاڕاستە و پەرلەمانی كوردستان هەمواری بڕگەیەكی پەیرەوی ناوخۆ دەكات بەوەی كە پەرلەمانتارێك لە فراكسیۆنەكەی جیاببێتەوە درونەخرێتەوەو بەڵكو بە شێوەی سەربەخۆ یاخود بتوانێت فراكسیۆنێكی دیكە دروستبكات".






PM:07:24:15/09/2019