ڕێبوار کەریم مەترسیەک لەسەر بودجە و موچەی هەرێم ئاشکرادەکات

رێبوار كەریم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند،لەئێستادا قسەی حكومەتی هەرێم ئەوەیە نەوت ناداتە بەغدا، دەشڵێت،"کارێکی زەحمەت دەبێت ئەمساڵیش بەغدا بڕێک موچە بنێرێت بەبێ ئەوەی هیچ نەوتێک لە هەرێمەوە بدرێ بە بەغدا".

رێبوار كەریم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پۆستێكدا بەناونیشانی "موجازەفە بە نەوت یان بە نانەوە؟" لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویکردۆتەوە دەڵێت،"لە بەغدا وردە وردە گفتوگۆی بودجەی ساڵی 2020 نزیکدەبێتەوە. بۆ ئێمەی نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عیراق، سەرەکیترین خەم بریتیە لە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی گەرەنتیکردنی موچەی فەرمانبەران".

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی،"سەرەتا دەمەوێ ئەوە رون بێت، کە بەندە باکم بەوە نیە هەرێم نەوت دەدات بە بەغدا یاخود نا، بەڵام زۆر لام گرنگە هیچ لایەکیان هەنگاوێک نەنێن ببێتەهۆی بڕینی موچەی فەرمانبەران. لەگفتوگۆکانی ئێستادا قسەی سەرەتای حکومەتی هەرێم ئەوەیە کە نەوت نادات بە بەغدا، بیانوشی بۆ ئەم بابەتە بریتیە لەوەی دەڵێ نەوت گرنگ نیە، بەڵام بەغدا دەیەوێ ئیرادەمان بشکێنێت و هیچ دەسەڵاتێکمان نەبێت".

هەروەها نوسیویەتی،"یەکەم: کارێکی زەحمەت دەبێت ئەمساڵیش بەغدا بڕێک موچە بنێرێت بەبێ ئەوەی هیچ نەوتێک لە هەرێمەوە بدرێ بە بەغدا. ئەگەر حکومەتی عیراقیش رازی بێت ئەوا ئەو دۆخە خراپەی کە (عادل عبدالمهدی) سەرۆکوەزیرانی تێدایە، خراپتر دەبێ و دەنگی نارازی بەرامبەری زیاتر دەبێت.هەروەها تێپەڕاندنی پرۆژەیەکی لەوشێوەیە لەنێو ئەو دەنگە نارازییە زۆرانەی نێو پەرلەمانەوە دیسان کارێکی ئاسان نیە".

دەشڵێت،"دوەم: هەوڵێکی چڕ لە پەرلەمانی عیراق هەیە سەبارەت بە تێپەڕاندنی یاسای نەوت و غازی عیراق. بەدڵنیاییەوە ئەگەر کورد لەسەر بڕگەی نەوتی نێو پرۆژەیاسای بودجەی ساڵێک نەتوانێت رێکبکەوێت، ئەوا ئەرکی رێکەوتن بۆ یاسایەکی گرنگی درێژخایەنی وەها تەواو قورس دەبێت. ئەگەر هەرێمی کوردستانیش چاوی لەوەیە وەک جاران هەوڵی دواخستنی دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز بدات، ئەوا رەنگە ئەمجارە ئەو هەوڵانە ئاسان نابێت، چونکە جگەلە هەوڵە ناوخۆییە چڕوپڕەکان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش زۆر بەوردی چاودێری دەرچونی ئەو یاسایە دەکات".

راشیگەیاندوە،"سێیەم: مەسەلەی تەسلیم بون و شکاندنی ئیرادە، زیاتر لەبابەتێکی مەعنەوی پەردەپۆشکەر دەچێت. ئەگینا لەراستیدا هەرێم بابەتگەلیتری زۆر تەسلیمکردوەو بەشکاندنی ئیرادەش ئەژماری نەکردوە. جارێکیتر دەیڵێمەوە، نەوت چی لێدەکەن، جارێ، کێشەی خۆتانە، بەڵام رێگە نادەین ببنەهۆی بڕینی نانی خەڵك. ئەسڵەن ئێمە بۆ نان و ژیانی خەڵك لە بەغداین نەوەك بۆ پەردەپۆشکردنی هەنگاوی هەڵە".


PM:08:19:15/09/2019