بڕیارێكی گرنگ لە بەرژەوەندی فەرمانبەران دەركرا

ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق چەند بڕیارێكی لەبەرژەوەندی فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دەركرد و بەپێی بڕیارەكانیش بەشێك لە فەرمانبەران دەتوانن گواستنەوەی راژە ئەنجامبدەن و بەشێكیش خۆیان خانەنشین بكەن.

بەپێی بڕیاری ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ژمارە (315) كە لە 8ی ئەیلولی 2019 دەرچووە ئاماژە بۆ ئەوەكراوە كە فەرمانبەری راژەی هەمیشەیی دەتوانێت راژەكەی بگۆڕێت بۆ گرێبەست، بەمەرجێك تەمەنی نەگەیشتبێتە 55 ساڵ، هەروەها سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست هەمان ئیمتیازی راژەی هەمیشەییان پێدەدرێت لە هاندان و مۆڵەت، هەر فەرمانبەرێكی هەمیشەیی 15 ساڵی خزمەتی هەبێت بەبێ مەرجی تەمەن، دەتوانێت خۆی خانەنشین بكات، جگە لە پزیشكان و مامۆستایانی زانكۆ.

هەر لە بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە "ئەو فەرمانبەرانەی پێش تەمەنی 55 ساڵی راژەكەیان دەگۆڕن بۆ گرێبەست و ئەو فەرمانبەرانەی بە خزمەتی 15 ساڵی خۆیان خانەنشین دەكەن و ئەوانەشی كە دەچنە كەرتی تایبەت بە مۆڵەتی پێنج ساڵی و بەڵێندەدەن نەگەڕێنەوە وەزیفە، چەند ئیمتیازێكیان پێدەدرێت لەوانە: پێدانی پارچەیەك زەوی (بەو مەرجەی پێشتر سوودمەند نەبووبێت) لەگەڵ پێشینەیەك هێندەی 200 مووچەی تەواوەتی بێت لەگەڵ پاداشتێك كە هێندەی مووچە و دەرماڵەی دوو ساڵی بێت (بە مەرجی بوونی تەرخانكراوی دارایی) لەگەڵ پێدانی قەرزێك بۆ كڕینی خانوو یان دروستكردنی خانوو".




PM:03:33:16/09/2019