لەبارەی بەنزینخانەی نایاساییەوە هۆشداری دەدرێت

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هۆشداری لە دروستكردنی بەنزینخانەی نایاسایی لەسنووری پارێزگاكە دەدات و سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكەش زانیاری ئاشکرادەکات.

كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند: وەكو لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان بەدواداچوونمان لەسەر دروستكردنی بەنزینخانە نایاساییەكانی پارێزگای سلێمانی كردووەو داوامان لەپارێزگار كردووە رێگری بكات و لاببرێن، بەڵام بۆ رایگشتی و دادگاو لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئاشكرادەكەین كە دەسەڵات و ئیدارەی سلێمانی مەبەستیان نییە رێگری لەو زیادەڕۆییانە بكەن، كە لەكەرتی سوتەمەنی و وزە لەسنووری پارێزگای سلێمانی دەكرێت.

سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتیشی "بەپێی فەرمانی ژمارە 5776 كە بەواژۆی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی كابینەی پێشووی حكومەت دەرچووە، پێویستە مۆڵەتی كردنەوەی بەنزینخانە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بدرێت".

راشیگەیاند: چەندین بەنزینخانەی لەناو شاری سلێمانی بەنایاسایی كراونەتەوەو مۆڵەتەكانیشیان رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران نەكراوەو هیچ مۆڵەتێكیان نییە.

سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان ئاشكرایكرد، لەلایەن پارێزگاری سلێمانییەوە مۆڵەتی كاركردن بۆ كۆمپانیا باڤیا، كە كارتی زیرەكی نەوت بۆ هاووڵاتیان دروستدەكات، بەنایاسایی بۆ ماوەی ساڵێك درێژكراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەپێی نوسراوی بەڕێوەبەرایەتی بەرهەمە نەوتییەكانی سلێمانی، كە ئاڕاستەی ئەنجومەن و پارێزگای كردووە، دەڵێت لەئێستادا پێویستمان بەهیچ بەنزینخانەو كارگەیەكی غاز نییە، چونكە 72 بەنزینخانە لەناوشارو 199 بەنزینخانە لەدەرەوەی شارو 79 كارگەی غاز هەیە، كە ئەمەش رێژەیەكی زۆرە، بۆیە داواكارین لەئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی سامانە سروشتییەكان  رێگری لەپێشێلكارییەكان بكەن.  

لەبارەی كردنەوەی 11 بەنزینخانەی حكومی كە لەلایەن پارێزگاری سلێمانییەوە ئاماژەی پێكراوە، كەریم عەلی دەڵێت: "هیچ بەنزینخانەیەكی حكومی بوونی نییەو ئەوە تەنیا قسەیە".


ئه‌م بابه‌ته ‌430 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:05:04:16/09/2019