حكومەتی هەرێم ئەنجامی کۆبوونەوەیەکی گرنگ ڕادەگەیەنێت

سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی لەگەڵ لیژنەی كۆكردنەوەی داهاتەكان كۆدەبنەوەو بڕیاریش لەسەر كاراكردنی سیستەمی بانكی لە هەرێمی كوردستان دەدەن و جەخت لەسەر دابینكردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیان دەکەنەوە پێش هاتنی وەرزی زستان.

بەگوێرەی راگەیاندراوێكی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، ئەمڕۆ 16ی 9ی 2019، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، سەرپەرشتی كۆبوونەوەی لیژنەی كۆكردنەوەی داهاتەكانی كرد و سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوەكرد كە "پێویستە حكومەت كار لەسەر ئەوە بكات هاوسەنگی هەبێت لەنێوان داهات و خەرجییەكان، بە شێوەیەك لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی و هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بێت". 

جەختیشی لەوە كردەوە كە دەبێ دادپەروەریی لە خەرجكردنی داهات بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان هەبێت.

لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی كۆكردنەوەی داهاتەكان و رێكخستنەوەی باج و گومرگەكان و كاراكردنی سیستەمی بانكی لە هەرێمی كوردستان كرا. 

لەكۆتایی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكی حكومەت جەختی لەسەر دابینكردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیان كردەوە پێش هاتنی وەرزی زستان.


PM:07:35:16/09/2019