خانەی راپەڕاندنی نوێی گۆڕان یەکەم راگەیاندنی بڵاوکردەوە

خانەی راپەڕاندنی نوێی گۆڕان یەکەم کۆ بوونەوەی خۆی ئەنجام داوە، جەختی لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندیە سیاسیەکانی کردەوە لەگەڵ ھەردو حزبی بەشدار لە کابینەی حکومەتدا، هەروەها هەوڵدەدات بۆ گەڕانەوەی ناڕزاییەکان.

لە راگەیاندنێکدا کە لە یەکەم کۆبوونەوەی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕانەوە دەرچوو، لەبڕگەی یەکەمدا هاتووە" کۆبونەوەکە جەختی لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندیە سیاسیەکانی کردەوە لەگەڵ ھەردو حزبی بەشدار لە کابینەی حکومەتدا. بەهێز کردنی ئەو پەیوەندیانە هۆکارێکی باش دەبن بۆ هاوکاریکردن و بردنە پێشەوەی ئەرکەکانی کابینەکەو بەهێزکردنی گیانی پێکەوە کارکردن".

هەروەها لە بڕگەی سێهەمدا هاتووە" پەیوەست بە ناوخۆی بزوتنەوەکەوە، خانەی راپەڕاندن جەختی لەسەر واڵا کردنی هەمو دەرگاکان بەسەر هەمو ئەو هەڵسوڕاوە دڵسۆزانەی گۆڕان کردەوە، کە رەخنەو تێبینیان هەیە، یان بە هۆکاری جیاوازەوە دورکەوتونەتەوە لە کاروباری بزوتنەوەکە. گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەو هەڵسوڕاوانەو هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی گۆڕانخوازانە بۆ پێکەوە کارکردن".
 
ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیاندراوەكەیە:


کۆبوونەوەی خانە جەختی لەسەر ئەم چەند خاڵەی خوارەوە کرد:


یەکەم: پەیوەست بە پەیوەندیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ لایەنە سیاسیەکاندا، کۆبونەوەکە جەختی لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندیە سیاسیەکانی کردەوە لەگەڵ ھەردو حزبی بەشدار لە کابینەی حکومەتدا. بەهێز کردنی ئەو پەیوەندیانە هۆکارێکی باش دەبن بۆ هاوکاریکردن و بردنە پێشەوەی ئەرکەکانی کابینەکەو بەهێزکردنی گیانی پێکەوە کارکردن و بەجێگەیاندنی ئەجیندای چاکسازی حکومەت.


لەهەمان کاتدا بە گرنگی دەزانین پەیوەندی پتەوی دۆستانەمان لەگەڵ هێزەکانی تری دەرەوەی کابینە، کە ساڵانێک هاوکار و هاوپەیمانی یەکتر بوین، پەرە پێبدەین و پتەوتری بکەین و راوێژ و گفتوگۆی بەرهەمهێنەری بەسودمان لەگەڵیاندا هەبێت.


دووەم: خانەی راپەراندن، بەهەمو توانایەوە پشتگیری نوێنەرانی بزوتنەوەکە ئەکات لە کابینەی حکومەت و دەسەڵاتی خۆجێی، لە پێناو خزمەتی ھاوڵاتیان و جێبەجێکردنی بەرنامەی گۆڕان لە حکومەت، ھەروەھا چاودێریەکی وردی کارەکانیان ئەکات. لەهەمان کاتیشدا پشتگیری تەواوی کابینەی حکومەت ئەکات لە پێناو سەرخستنی بەرنامە چاکسازیەکەی، بە جۆرێک لە خزمەت باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و بەهێزکردنی کەرتی ئابوری و ژێرخانی کۆمەڵگاو پرۆسەی چاکسازی و دژایەتی گەندەڵیدا بێت.


سێیەم: پەیوەست بە ناوخۆی بزوتنەوەکەوە، خانەی راپەڕاندن جەختی لەسەر واڵا کردنی هەمو دەرگاکان بەسەر هەمو ئەو هەڵسوڕاوە دڵسۆزانەی گۆڕان کردەوە، کە رەخنەو تێبینیان هەیە، یان بە هۆکاری جیاوازەوە دورکەوتونەتەوە لە کاروباری بزوتنەوەکە. گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەو هەڵسوڕاوانەو هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی گۆڕانخوازانە بۆ پێکەوە کارکردن، لە سەرەکیترین ئەرکەکان و کارنامەی خانەی نوێ دەبێت.


خانە بە گوێرەی دەستوری بزوتنەوەکەو راسپاردەکانی هەردوو جڤات، لە نزیکترین ماوەدا، ئامادەکاری بۆ هەردوو پرۆسەی کۆنفرانسی نیشتیمانی و هەڵبژاردنە ناوخۆیەکان دەکات.


هاوکات بە گوێرەی پلانێکی تۆکمە، کار لەسەر بەهێزکردنی ئۆرگانەکانی بزوتنەوەکە ئەکات، بەتایبەت دانان وھەڵبژاردنی رێکخەرو ئەندامی ژورەکان و باژێڕوانەکان، بە ئاراستەی بەهێزکردنی دامەزراوەی ناوخۆیی گۆڕان بۆ راپەڕاندنی ئەرکە گرنگ و هەستیارەکانی قۆناغی داهاتوی بزوتنەوەکەمان.


لە کۆتاییدا بزوتنەوەی گۆڕان جارێکی تر جەخت لەسەر پابەند بون بە پرەنسیپە بناغەییەکانی بزوتنەوەکە دەکات لە پێناو عەدالەت و چاکسازی و ئازادیەکان و دژایەتی گەندەڵی و بە سیستەم کردنی دەزگاکان و کارکردنی بێوچان لە پێناو باش کردنی ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیان.

 


PM:09:42:16/09/2019