یەکێتی نیشتیمانی لە سلێمانی کۆبووەوە


ئه‌مڕۆ رێكه‌وتی 18 ی ئەیلولی 2019 كۆمسیۆنی باڵای كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بەمەبەستی تاوتوێکردنی كۆنگره‌ لە سلێمانی کۆبووەوە. 
مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاند"پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ كۆمسیۆنی باڵای كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتیی نیشتیمانی کوردستان بە سەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی كۆبوەوە و لە  كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ئاماده‌كاری ‌و هه‌نگاوه‌كان بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتیی تاووتوێ كران ‌و ئه‌و پێشنیاز و بۆچوونانه‌ش گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی بنیاتنه‌رانه‌‌ و بۆ سه‌ركه‌وتنی كۆنگره‌ خراونه‌ته‌روو".

هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بڕیاریداوە رۆژی ٧/ ١٢/ ٢٠١٩ کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی بەڕێوەبچێت، هەروەها ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای ئامادەكاری کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێکهاتون لە "حاکم قادرحەمەجان، دلێر سەید مەجید، رەفعەت عەبدوڵڵا، رزگار عەلی، یوسف گۆران و ئەرسەلان بایز".

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە 1-6-1975 دا لە دیمەشق دامەزراوە، تا ئێستا تەنها سێ كۆنگرەی بەستوە، بڕیارە لە 7 ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ کۆنگرەی چوارەم ئەنجامبدرێت.  
 


PM:01:48:18/09/2019