ماوەی 50 ڕۆژە ئاسایشى پارتى دیموکراتى کوردستان لەقەزاى چۆمان کارمەندێکى ئاسایشى یەکێتى دەستگیرکردووە ئەوەش بە تۆمەی پەیوەندی بە پەکەکەوە.
سەرچاوەیەک لەئاسایشى یەکێتى لەقەزاى چۆمان ڕایگەیاند موشیر خدر، کارمەندێکی ئاسایش زیاتر 50 ڕۆژە لەلایەن ئاسایشى پارتى لەچۆمان دەستگیرکراوە و تاکو ئێستاش چارەنووسى دیار نیە و دۆسیەکەشى نەخراوەتە بەردەم دادگا.
سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد ئەو ئاسایشەی یەکێتی گوازراوەتەوە بۆ ئەنجومەنى ئاسایشى گشتى هەرێم لەشارى هەولێر، بەڵام بەهەوڵى بەرپرسانی یەکێتی توانراوە ببینرێت و سەردانی بکرێت.
هەر بەگوێرەی زانیاریەکان هۆکارى دەستگیرکردنى موشیر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە مامەڵەى کڕین و فرۆشتنى خواردن و بەنزینى لەگەڵ پەکەکەدا کردووە و لەلایەن ئاسایشى چۆمانەوە ئاگادارکراوەتەوە کەدەست هەڵگرێت لەو مامەڵەیە، بەڵام ئەو وازى نەهێناوەو بەدەر لەهاوسۆزى و هاوکارى بۆ پەکەکە ، وەک سەرچاوەیەکى بژێوى و داهات ئەو مامەڵەیەى ئەنجامداوە.
موشیر خدر خەڵکى گووندى گووندەژۆرە لەقەزاى چۆمانى دەڤەرى باڵەکایەتى ، خێزاندارەو خاوەنى دوو کچ و کوڕێکە و تەواوى خێزانەکەى پارتین و ئامۆزاى عەلى سەلمان کارگێڕى لقى 26ى پارتى دیموکراتى کوردستانە لەقەزاى چۆمان.
هاوکات زیاتر لە 50 ڕۆژە عبداللە عبداللە ئەلیاس کارمەندى ئاسایشى یەکێتى لە یاریدەدەرێتى بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى سۆران دەستگیرکراوە ، بیانوى دەستگیرکردنەکەشى ئەوەیە کە کتێب و نامیلکەى عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەرى پارتى کرێکارانى کوردستان پەکەکەى لەدەست گیراون ، ئەمە لەکاتێکدایە هیچ یەکێک لە کتێب و نامیلەکەکانى ئۆجەلان لەبازاڕەکانى هەرێمى کوردستان کڕین و فرۆشتنیان قەدەغە نەکراوە.