کاردانەوەی هێرشەکانی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پۆمپیۆ بەرەو جددە بەڕێ دەکەوێت بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی سەر دامودەزگا نەوتییەکانی عەرەبستانی سعودیە و ئێرانیش هۆشداری دەدات.

ئاژانسی ئێرنای فەرمی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند ئێران نامەیەکی دیپلۆماتیکی بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ناردووە کە تیایدا نکوڵی لەوە دەکات بە هیچ شێوەیەک دەستی هەبووبێت لەو هێرشە و هۆشداری دژی هەر کردارێکی دژ بە ئێران دەدات و دەڵێت دەستبەجێ وەڵام دەداتەوە.

سەرهەڵداوە حوسییەکانی یەمەن کە ئێران پشتیوانیان لێ دەکات بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕۆژی شەممەیان گرتۆتە ئەستۆ کە بووە هۆی لەدەستدانی نیوەی بەرهەمی نەوتی عەرەبستانی سعودیە، بەڵام وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت بەڵگەکان نیشتان دەدەن ناشێت ئەوان ئەنجامیان دابێت.

کاربەدەستێکی بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند " بۆچوونی ئێمە وایە ئەم هێرشە لە یەمەن یان لە عێراقەوە نەهاتووە"، وتیشی "تیمێکی شارەزای ئەمەریکیی لەگەڵ سعودییەکاندا کار دەکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە جۆری موشەکەکان".

هاوکات سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی وتی یەمەنییکان وەکو هۆشدارییەک بۆ سعودیە بەهۆی سەرۆکایەتی کردنی هاوپەیمانی دژ بە حوسییەکان ئەو هێرشەیان ئەنجام داوە وتیشی " یەمەنیەکان لە نەخۆشخانەکانیان نەداوە، لە خوێندنگا و ناو بازاریان نەداوە و سعودییەکان پێویستە لەم هۆشدارییەوە دەرس وەرگرن".

سەرۆکی ستونە هاوبەشە لەشکرییەکانی ئەمەریکا ژەنەڕاڵ جۆسف دانفۆرد ڕۆژی شەممە لە لەندەن بە وتی هێرشە جیاوازە لەوانەی کە پێشتر لەلایەن سەرهەڵداوە حوسییەکانەوە ئەنجام درابوون، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دیدو بۆچوونی خۆی ناسەپێنێت و ڕێگە دەدات سعودییەکان خۆیان هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشەکە بکەن.

هاوکات کاربەدەستێکی ئەمەریکا کە ناوی ئاشکرا نەکراوەو لەگەڵ دەزگا ڕاگەیاندنە ئەمەریکاییەکاندا قسەی کردووە دەڵێت بەڵگەکان کۆکراونەتەوە کە بە ڕوونی ئاماژە بە ئێران دەکەن و دەڵێت "زیاتر لە 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی کە لەو هێرشەدا بۆ سەر دامودەزگا نەوتییەکانی سعودییە بەکارهاتوون لە ئێرانەوە هەڵدراون، بەلایەنی کەم یەکێک لە موشەکەکان بە ئاسمانی کوەیتدا تێپەڕ بووە".


PM:07:31:18/09/2019