بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا
هەرێم داوایەکی شەش خاڵی دەخاتە بەردەم بەغدا

لەکاتێکدا کە گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا گەرمەو پێویستە پێش ئەوەی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بخرێتە بەردەم پەرلەمانی عێراق، ئەم گفتوگۆیە یەکلایی بکرێتەوە، هەرێم داواکارییەکی شەش خاڵی لەرێگای نامەیەکەوە ئاراستەی بەغدا دەکات.

بەپێی زانیاریەکانی سپی، ئەو شەش خاڵە وەک داواکاری هەرێم خراوەتە بەردەم بەغدا بۆ گفتوگۆکردن، کە دەکرێت هەندێکیان رێککەوتنیان لەسەریان بکرێت، پێچەوانەکەشی راستە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتوون لەو شەش خاڵە، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە ھەرێمی کوردستان ئامادەیە نەوتەکەی ڕادەستی بەغدا بکات و پارەی نەوتی عێراق لە بانکێکی نیویۆرک کە پێی دەڵێن بانکی فیدڕاڵی " دی ئێف ئای" دابنرێت، لەوێ ھەرێم حیسابێکی تایبەتی بۆ بکرێتەوە، جیا بێت لە حیسابەکەی بەغدا و بە جۆرێک بەغدا کۆنتڕۆڵی بەسەرەوە نەبێت، لەوێشەوە پشکی ھەرێم ڕەوانەی بانکێکی فەرعی بکرێت لە ھەرێمی کوردستان. 

هەروەها لەو نامەیەدا هاتووە" پێدانی ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بە حکومەتی ھەرێم بۆ پێدانی موچەی سێ مانگی ئەمساڵ ٢٠١٩ی فەرمانبەران کە حکومەتی عێراق دواکەوتووە  لە پێدانی".

هەرێم وەک لە خاڵێکی تری نامەکەدا هاتووە،  زامنکردنی گرەنتی ناردنی موچە و بودجەی ھەرێمی کوردستان بناردنی پارەی دەرمان و خزمەتگوزارییەکانی دیکەوە.
لە خاڵێکی تری ئەو داواکاریانەی هەرێم " داواکردنی پێدانی سەرجەم شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان و قەرزەکانی ھەرێم بە قەرزەکانی تورکیاشەوە، جگە لە قەرزی کڕیارەکانی نەوت".


 حکومەتی هەرێم داواش دەکات، پێدانی پارەی کرێی گواستنەوەی نەوت لە خورمەڵە لە سنوری ھەرێمی کوردستان تاوەکو دەگاتە بەندەری جەیھانی تورکیا. بکەوێتە ئەستۆی حکومەتی عێراق.
لە دوا داواکاریدا هەرێم بەپێویستی دەزانێت نوێنەرێکی ھەرێم لە کۆمپانیای سۆمۆدا دابنرێت، پاشان ڕاپۆرتی مانگانەی فرۆشی نەوتی عێراق لە جیاتی ئەوەی بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق بنێردرێت بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بنێردێت. (لەبەرئەوەی حکومەتی ھەرێم گومان دەکات کۆمپانیای سۆمۆ لە لایەن ھەندێک میلیشای شیعەوە کۆنتڕۆڵ کرا بێت). 

 


AM:11:23:19/09/2019