زەریف هۆشداری لە ئەگەری شەڕێکی سەرتاسەری دەدات

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دەدات لە هەر هێرشێک کەبەهۆی هێرشی موشەکی دژ بە دەزگای نەوتی عەرەبستانی سعودیە بکرێتە سەر وڵاتەکەی دەڵێت "دەبێتە شەڕێکی سەرتاسەری".

محەمەد جەواد زەریف بە کەناڵی تەلەفیزیۆنی CNN ی ڕاگەیاند " من دەمەوێت ڕایبگەیەنم کە ئێمە زۆر ڕژدین لە بەرگری کردن لە وڵاتەکەمان و زۆر بە ڕژدیش ڕایدەگەیەنم ئێمە نامانەوێت بکەوێنە شەڕێکی لەشکرییەوە، ئێمە چاوپۆشی ناکەین لە بەرگری کردن لە ناوچەکەمان".

پۆمپیۆ کە ئێستا لە سعودیەیە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ شازادە محەمەد بن سەلمان لە جددە کۆبۆوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو هێرشەی کە لە ڕۆژی شەممە کرایە سەر دامودەزگا نەوتییەکانی عەرەبستانی سعودیە و سەرهەڵداوە حوسییە یەمەنییەکانی کە ئێران پشتیوانیان لێ دەکات بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانەیان گرتە ئەستۆ هەرچەندە ئەمەریکا لەو بڕوایەدایە ئێران خۆی هێرشەکانی ئەنجام داوە.

هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت دەستەیەکی شارەزایانی لەسەر یەمەن گەیشتووەتە عەرەبستانی سعودیە بۆ لێکۆڵینەوە کردن لەسەر ئەو هێرشانە.

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان فەرحان حەق ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند پشکێنەران گەیشتوون و دەستیان بە ئەرکەکەیان کردووە. وردەکاری زیاتری لەسەر کارەکانیان نەدا.


PM:05:22:19/09/2019