زەین العابدین بن عەلی، سەرۆكی پێشوتری تونس، کە یەکەم پریشکی شۆڕشی بەهاری عەرەبی لە دژر هەڵگیرسا کۆچی دوایکرد.
زەین العابدین بن عەلی، لەسەردەمی حوكمڕانیدا گەنجێك لە تونس ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداو بەدوایدا شۆڕشی بەهاری عەرەبی سەریهەڵدا ئەمڕۆ كۆچی دوایی كرد.
ساڵی ١٩٨٠ بوە بە باڵیۆزی تونس لە پۆڵەندا و پاشان لە ساڵی ١٩٨٧ دەبێتە سەرۆک وەزیران. بن عەلی ھەر لەساڵی ١٩٨٧دا سوێندی یاسایی خوارد وەک سەرۆکی وڵات دوای ئەوەی حەوت پزیشک بڕیاری ئەوەیاندا کە سەرۆکی وڵات "ئەلحبیب بورقێبە" توشی خەڵەفان بوەو چیتر ناتوانێت سەرۆکایەتی وڵات بکات. ساڵی ٢٠٠٤ زەینلعابدین بن عەلی بۆجاری دوەم وەک سەرۆکی ولات ھەڵبژێردرایەوە دوای ئەوەی توانی لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا سەرکەوتن بەدەستبھێنێت. پێویست بو بن عەلی لەساڵی ٢٠٠٤دا خانەنشین ببێت بەڵام لە ئایاری ٢٠٠٢دا لە رێگەی راپرسیەوە توانی پاڵپشتی بەدەستبھێنێت بۆ مانەوەی وەک سەرۆکی وڵات بۆ خولێکی تری سەرۆکایەتی. ھەمیشە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئۆپۆزسیۆنی تونس سیستمی حوکمڕانی بن عەلیان بە دیکتاتۆر وەسفکردوە و رایانگەیاندوە کە بن عەلی بەرھەڵستکارەکانی دەخاتە زیندانەوە و ئازادیەکانیش بەرتەسک دەکاتەوە.
لە گەڵ ئەوەی بێکاری لە ریزی گەنجانی خوێندەواردا لە سەردەمی ئەودا گەیشە رێژەی %١٤، بەڵام ھەندێک بۆچون ھەیە کە پێیان وایە ئابوری تونس لەسەردەمی ئەودا بەرەوەپێش چوە. قەیرانی ئابوری و سیاسی وڵات لە شێوەی خۆپیشاندانی سەرتاسەری خۆی دەرخست.
سەرەتا گەنجێکی دەرچوی زانکۆ کە پۆلیس عەرەبانەی ئیشکردنەکەیان شکاندبو خۆی سوتاند و گیانی لەدەستدا پاشان خۆپیشاندانەکان فراوان بو تا گەیشتە دروست بونی ھەڵگەڕانەوەی جەماوەری و ھەڵھاتنی بن عەلی لە وڵات و دروست بونی دەسەڵاتێکی نوێ لەتونس لە ١٤ی مانگی یەکی ٢٠١١. زەینلعابدین بن عەلی ماوەی ٢٣ ساڵ حوکمی وڵاتی تونسی کرد پاشان لەژێر فشاری جەماوەردا بەرەو سعودیە ھەڵھات و وڵاتی بەجێھێشت.