"یەکێتی هێزی جوڵاند"

دوای ڕووداوی ڕێگریکردن لە چونی مەحمود سەنگاوی بۆ هەولێر یەکێتی هێزی جوڵاند.

چەند شایەتحاڵێک لەهەولێرەوە گەڕاونەتەوە بۆ سلێمانی، ئەوەیان بۆ سپی ئاشکراکرد کە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ و پاش ڕووداوی ڕێگریکردن لە چونی مەحمود سەنگاوی بۆ هەولێر یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هێزی جوڵاندووە لەو رێگایەی کە دەڕوات بەرەو سماقوڵی.

شایەتحاڵەکان بۆ سپی ئەوەشیان ئاشکراکرد یەکێتی لەلای دوکانەوە چەندین ھەمەرو میگزەمینی بەرەو سماقوڵی جوڵاندووە.

لە یەکەم بازگەی یەکێتی لەسەر رێگای سماقوڵی هەولێر، جیاواز بووە لە رۆژانی ئاسایی و هێزێکی زیاتر بینراوە، هەروەها لەسەر رێگاکە لە ئاستی خەلەکان هێزی تری یەکێتی بینراوە. ئەو شایەتحاڵە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە چەند ئۆتۆمبیلێکی هەمەری سەربازی لەسەر ئەو رێگایە بینراوە. 

هاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنی ئەو زانیاریەی پشتڕاست کردەوە، بەڵام دڵنیایدا کە ئەو هەنگاوەی یەکێتی "تەنیا خۆنمایشکردنە".

 
ئەمرۆ مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەمەبەستی كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی بەرەو هەولێر بەڕێ دەكەوێت، بەڵام لە بازگەی گۆمەسپان رێگری لێدەكرێت و بەرپرسانی بازگەكە داوای لێدەكەن" باشترە نەچێتە هەولێر"، هێزێكی زۆر لەو ناوچەیە كۆدەكرێتەوە بۆ رێگری لە مەحمود سەنگاوی، دەمەقاڵی دروست دەبێت لە نێوانیاندا، مەحمود سەنگاوی دەگەڕێتەوەو ناچێتەوە هەولێر.

ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌ و وته‌بێژی یه‌كێتی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەهەولێرەوە رایگەیاند: ئەو كارە بە كارێكی دوور لە نەریتی پێكەوە ژیان لەهەرێمی كوردستان دەزانین و جێی قبوڵ نیە.

دواتریش شاڵاو كۆسه‌ره‌ت ره‌سول به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری یه‌كێتی له‌ به‌یاننامه‌یه‌ك رایگه‌یاند "هەولێر پایتەختی هەرێمی كوردستانەو ڕێگری كردن لە خەڵكی و تۆخكردنەوەی دوو ئیدارەیی خەریكە دەبێتە دیاردە و هەرگیز مایەی قبوڵكردن نییەو دەبێ بنبڕ بكرێ".

دواتریش یه‌كێتی كاردانه‌وه‌ی کردەیی نواند و رێگری له‌ به‌رپرسێكی پارتی کرد لە سنوری کۆیە.





PM:07:59:19/09/2019