ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی فەرمانبەرانەوە نوسراوێک ئاڕاستەی وەزارەتەکان دەکات
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم چەند مامەڵە و داواکاریەک ڕادەگرێت و داوا لە وەزارەتەکان دەکات بەهیچ جۆرێک بۆیان نەنێرن.
بەگوێرەی نوسراوێکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کە واژووی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی لەسەرە و رۆژی ١١ ی ٩ ی ٢٠١٩ ئاراستەی گشت وەزارەتەکان کراوە ، حکومەتی هەرێم کۆمەڵێک بڕیاری لەبارەی فەرمانبەران و مووچەخۆران و دامەزراندنەوە دەرکردووە و ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەتەکانی کردووە و داوای کردووە داواکارییان بۆ چەند مەبەستێک پێشکەش نەکەن و ئەو کارانە ڕاگیراوون.
.
لە نووسراوەکەدا بە ١٠ خاڵ ئەو بابەتانە خراوەتە روو ، یەکێک لەوانە داوا لە وەزارەتەکان کراوە داواکاری دامەزراندنیان بۆ نەنێردرێت تا ئەو کاتەی لە چوارچێوەی یاسای بودجەی ساڵانەدا لەلایەن ئەنجومەنی باڵای ڕاژەوە ڕێکدەخرێت، بەپێچەوانەوە ڕەتدەکرێتەوە.
.
هاوکات لە نووسراوەکەدا روونکراوەتەوە، گەڕانەوەی فەرمانبەران بۆ ڕاژەی سەربازی و شارستانی ڕاگیراوە، تەنها ئەو فەرمانبەرانە نەبێت کە بەهۆی حوکمی دادگا لە ڕاژە دابڕاون، بەپێچەوانەوە ئەوانیش نوسراوەکانیان وەرناگیرێت.
.
حکومەتی هەرێم بڕیاریشیداوە، کڕینی ئۆتۆمبێل بۆ کاری تایبەت و هاوکاری دارایی بۆ هەر مەبەستێک ڕابگرێت و هیچ داواکارییەکی لەو شێوەیە قبوڵ نەکات.
.
هاوکات درێژکردنەوەی ماوەی خزمەتی ئەو فەرمانبەرانەی ماوەی یاساییان تەواو بووە، یەکێکی دیکەیە لەو خاڵانەی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە، داواکاری بۆ پێشکەش نەکەن.
AM:09:01:20/09/2019