سعودیە هێرشێکی سەربازی لە یەمەن ئەنجامدا

سعودیە و هاوپەیمانەکانی هێرشێکی سەربازیان لە باکووری شاری حودەیدەی یەمەن ئەنجامدا و " کۆمەڵێک ئامانجی پێکاوە ".

هاوپەیمانێتی دژ بە حوسیەکان بە ڕابەرایەتی سعودیە ڕایگەیاند " چوار شوێنیان لەناوبردووە کە بۆ کۆکردنەوە و بۆمبڕێژکردنی بەلەم و بۆمبی دەریایی بەکارهاتووە".

وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی سعودیە تورکی مالکی لە بەیاننامەیەکدا وتی ئەو شوێنانە " بەکاردێن بۆ جێبەجێکردنی کاری دوژمنکاری و ئەرکە تیرۆریستییەکان کە هەڕەشەن بۆ سەر هێڵەکانی هاتوچۆی دەریایی و بازرگانی جیهانی لە گەروی باب مەندەب و باشووری دەریای سوور".

حوسییەکانی یەمەن کە بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕۆژی شەممەی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیەیان ڕاگەیاند دەڵێن هاوپەیمانێتی ئەو ڕێکەوتنەی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێشێل کردووە کە لە سوید لەنێوان هەردوولادا واژۆکراوە.

ساڵی ڕابردوو لە دانوستانەکانی ئاشتی یەمەن لە سوید هەردوولای شەڕی یەمەن ڕێکەوتن لەسەر وەستاندنی شەڕ لە حودەیدە و کشانەوەی هێزەکانیان لەو شارەدا، ئەمەش لەپێناو دروستکردنی متمانە بۆ ڕێگەخۆشکردن لەبەردەم کۆتای هێنان بە جەنگی یەمەن.

مالکی وتی " حوسییەکان حودەیدەیان بەکارهێناوە بۆ هەڵدانی موشەکی باڵیستیکی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و بەلەمی بۆمبڕێژکراوە و چاندنی بۆمبی دەریایی".

لە ماوەی رابردوودا هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە داوای لە هاوڵاتیانی مەدەنی کردووە نزیک ئەو ئامانجانە نەکەونەوە و جەختیشی لەوە کردەوە ئەرکە سەربازییەکە لەگەڵ یاسا مرۆییە نێودەوڵەتیەکاندا یەک دەگرێتەوە.




AM:11:52:20/09/2019