راوێژكاری سەربازیی خامنەیی هەڕەشەی توند دەکات

راوێژكاری سەربازیی ئایەتوڵا عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆرشی ئێران رایگەیاند، وەڵامی ئێران بۆ سەر هەر كردەوەیەكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، تەواوی زەریای سپی ناوەڕاست دەگرێتەوە تا دەگاتە زەریای هیندی.

یەحیا رەحیم سەفەوی، راوێژكاری سەربازیی عەلی خامنەیی، ئەمرۆ هەینی لەمیانی لێدوانێكدا رایگەیاند "وەڵامی ئێران بۆسەر هەر توندئاژۆییەكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، تەواوی دەریای سپی ناوەڕاست و زەریای هیندی دەگرێتەوە".

جەختیشیکردەوە لە ئێستادا هاوپەیمانانی ئێران لە ناوچەكەدا، زۆر بەهێزترن لەو لایەنانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست هاوپەیمانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكان و وتی "ئەگەر ئەمریكیەكان بیر لە ئەنجامدانی تاكتیك بكەنەوە دژ بە ئێران، ئەوكاتە گەلی ئێران لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە دەستدەكات بە وەڵامدانەوە و بەرەو هەریەك لە زەریای سور و زەریای هیندی پەلدەكێشێت".

پاش ئەوەی شەممەی رابردو هێرشكرایە سەر پێگە نەوتیەكانی ئارامكۆ لە سعودیە، ژمارەیەك وڵاتانی جیهان بە پێشەنگی ویلایەتە یەكگرتوەكان ئێران بە بكەری هێرشەكە دەناسێنن، حكومەتی ئێرانیش ئەو تۆمەتەی رەتكردوەتەوە.


PM:01:27:20/09/2019