داوایەکی حکومەتی هەرێم بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ چەند لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراق رەتکرایەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگای نوێنەرایەتیەکەوە لە بەغدا داوا لە لیژنەکانی دارایی و نەوت و غاز و یاسایی دەکات سەردانی هەرێم بکەن تا لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی هەرێم گفتوگۆبکەن و روونکردنەوەیان پێبدرێت، بەڵام لیژنەکانی بەغدا ئەو داوایەی هەرێمیان رەتکردەوە.

ماڵپەڕی " سپی " بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە پەیوەندی بە شێروان میرزا پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراقەوە کرد، ئەو لای خۆیەوە هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوەو رایگەیاند" هەردوو لیژنەی دارایی و لیژنەی نەوت و غاز داواکەیان ڕەتکردۆتەوەو تا ئیستا لیژنەی یاسایی ماوەکە داواکە پەسەند بکات، یان رەتیبکاتەوە"، ئەو پەرلەمانتارە پێشبینی دەکات ئەو لیژنەیەش داواکەی هەرێم رەتبکاتەوە.

شیروان میرزا، ڕەتکردنەوەی داواکەی هەرێمی گەڕاندەوە بۆ دوو هۆکار، لەلایەکەوە کاتەکەی گونجاو نییە، لەلایەکی دیەوە هەندێک پەرلەمانتاری عەرەب لە هەردوو لیژنەکە پێیانوایە لەرووی ئەتکیەتی کاری پەرلەمانییەوە گونجاو نییە، پەرلەمانی عێراق کە گەورەترین دامەزراوەی وڵاتە لەرووی یاساییەوە، لەسەر داوایەکی هەرێم سەردانی هەولێر بکات.

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا لە ڕێگای سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقەوە داوا دەکات هەر سێ لیژنەی دارایی و نەوت و غاز و یاسایی سەردانی هەرێم بکەن تا حکومەتی هەرێم روونکردنەوەیان لەسەر کێشەکانی نێوانیان بەتایبەتی لەسەر پرسی نەوت و بودجە بۆ بدەن، بەڵام دوو لیژنە تا ئیستا داواکەیان رەتکردۆتەوە.

 


PM:11:02:21/09/2019