وڵاتانی ئەوروپا داوا لە ئێران دەکەن ڕازی ببێت بە دووبارە گفتوگۆکردن لەسەر بەرنامە ئەتۆمیەکەی

بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا ئێرانیان بە بەرپرس زانی لە هێرشەکەی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە و داوایان لە ئێران کرد ڕازی ببێت بە دووبارە گفتوگۆکردن لەسەر بەرنامە ناوەکیی و موشەکیەکەی.

بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا دوای کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ناگێلا مێرکڵ، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

لە بەیاننامە هاوبەشەکەی بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیادا هاتووە " ئێستا کاتی ئەوەیە ئێران ڕازی ببێت بە دووبارە وتوێژکردنەوە لەسەر بەرنامە ناوەکییەکەی و هەروەها بابەتەکانی ئاسایشی ناوچەکە، کە بەرنامە موشەکیەکەشی دەگرێتەوە".

هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف بەدووری زانی ئێران جارێکی دیکە وتوێژ لەسەر ڕێکەوتنێکی دیکەی نوێی ناوەکی بکاتەوە و وتی هاوبەشە ئەوروپییەکان شکستیان هێنا لە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییەکانیان لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا.

دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە، وڵاتانی ئەوروپی لە هەوڵی ئەوەدابوون گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن کەم بکەنەوە.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت " ڕوون و ئاشکرایە لەلامان کە ئێران بەرپرسە لەم هێرشە. هیچ ڕوونکردنەوەیەکی دیکە بوونی نیە، ئێمە پشتیوانی لە لێکۆڵینەوەکان دەکەین".

دوای هێرشەکەی سەر دامەزراوە نەوتیەکانی سعودیە لە 14 ی مانگی نۆدا، گرژیەکان زیاتر بوون و ڕیاز و واشنتن ئێرانیان تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی ئەو کارە، تارانیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.
 


PM:05:22:24/09/2019