ڕاپەڕین...ژن و مێردێك دەستگیركران

لە قەزای رانیەی سنوری راپەڕین ژن و مێردێك بەتۆمەتی دزیكردن دەستگیر كران پۆلیسیش دەڵێت "كە دزیان لە ماڵە دراوسێكانیان كردووە".

لە راگەیەندراوێكدا پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بۆ ئەوەكرد "دوای ئەوەی هاووڵاتیان سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی راپەڕینیان كرد بەمەبەستی تۆماركردنی سكاڵا لەسەر ئەوەی كە دزی لە ماڵەكەیان كراوە، دۆسیەی لێكۆڵینەوە كرایەوە و بڕیاری دادوەر بەدەستهات بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی بكەری تاوان. لە ئەنجامی هەوڵەكان و بەدواداچوون و بەدەستهێنانی زانیاری لەلایەن هێزەكانمان لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی راپەڕین لە رانیە لەم هەفتەیەدا ژن و مێردێكیان دەستگیر كرد كە هەستاون بە دزیكردن لە ماڵان".

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە "دوای لێكۆڵینەوه لەگەڵیاندا لە بەردەمی پۆلیس و دادگا دانیان بەوەناوە كە بڕی 350000 هەزار دینار لە ماڵی دراوسێیەكیان دزیووە. لە كاتێكدا هەوڵیانداوە تێكەڵاوی لەگەڵ ماڵە دراوسێكانیان دروست بكەن و شارەزایی ناو ماڵەكانیان ببن و بەشەو بە نهێنی بچنە ماڵیان و دزیان لێبكەن. سەرەڕای ئەوەی لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوت كە سێ ساڵ بەر لەئێستا دزیان لە ماڵێكی دراوسێیان كردبوو لە شاری ڕانیە كه بڕی 10 مساقاڵ زێڕ و 700 هەزار دیناریان دزی بوو".

پۆلیسی راپەڕین ئەوەشی خستۆتەڕوو "لە ئێستادا تۆمەتباران هەردوو ژن و مێردەكە كە تەمەنیان لەسەروی 18 ساڵە دانیشتووی شاری رانیەن بەپێی مادەی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە".



PM:12:24:26/09/2019