ڕۆحانی: پلانەکانی ئەمریکا و سعودیە شکستیان هێناوە

حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند، وڵاتەكەی شكستی بە هەوڵەكانی هەریەك لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و سعودیە هێناوە، سەبارەت بە تۆمەتباركردنی تاران بە هێرشی سەر پێگە نەوتیەكانی ئارامكۆ لە سعودیە، دەشڵێت "پلانەكانی هەریەك لە ئەمریكا و سعودیە سەبارەت بە تۆمەتباركردنی ئێران بە هێرشەكانی ئارامكۆ نادروستە".

سەرۆك كۆماری ئێران پاش گەیشتنی بە كۆبونەوەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە نیویۆرك لە پەیامێكیدا بۆ هەریەك لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و سعودیە ڕایگەیاند "كاتێك تۆمەت ئاڕاستەی ئەوانی دیكە دەكەن سەبارەت بە هێرشەكانی ئارامكۆ، دەستپێكی ئاگری جەنگ دەكەنەوە". 

رۆحانی ئاماژەی بەوەكرد "هەندێك لە دێپلۆماتكارەكانی كۆبونەوەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان دەیانویست راستیەكانی پشت هێرشی سەر پێگە نەوتیەكانی ئارامكۆ بشارنەوە"، وتیشی "پلانەكانی هەریەك لە ئەمریكا و سعودیە سەبارەت بە تۆمەتباركردنی ئێران بە هێرشەكانی ئارامكۆ نادروستە".
 


PM:05:56:27/09/2019