نەوەی نوێ بەشداری کۆبوونەوەی سبەی لایەنە کوردستانییەکان ناکات


بڕیارە سبەی شەممە ٢٨ ی ئەیلول سەرجەم حیزبە کوردستانییەکان لەسەر پرسی پێکهێنانی یەک لیستی کۆببنەوە، نەوەی نوێ بایکۆتی کۆبوونەوەکە دەکات.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکی بۆ "سپی" نێردراوە، سەبارەت بە کۆبونەوەی سبەینێى حزبەکان لە شاری هەولێر، جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند" بەشداریی ئەو کۆبونەوەیە ناکات، چونکە پارتیی و یەکێتیی هیچ زەمینەسازییەکیان لەناوخۆى هەرێمى کوردستاندا نەکردوە تا هێز و لایەنە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکان بتوانن لەگەڵیاندا دابنیشن و لەسەر بابەتیتر بگەنە ڕێکەوتن".

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختیش لەوەکرایەوە: پێمان وایە پێویستە ئەو ئیرادەیەی کە پارتیی و یەکێتیی هەیانە بۆ دەرەوەی هەرێم، هەمان ئیرادەیان لە ناوخۆی هەرێمدا هەبێ، ئەوکات ئەوە زەمینەسازیی دەکات تا لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن لەسەر پرسە جیاوازەکان لەگەڵیان کۆببنەوە. 

جوڵانەوەی نەوەی نوێ ٢٠١٩/٩/٢٧
 


AM:12:37:28/09/2019