پەرلەمانی كوردستان ١٦ ماددەی پەیڕەوی ناوخۆی هەمواركردەوە

پەرلەمانی كوردستان ١٦ ماددەی پەیڕەوی ناوخۆی هەمواركردەوە  و یەكێك لە هەموارەكانیش بڕگەی دوو لە ماددەی ١١٠ی پەیرەوی ناوخۆیە كە بەهۆیەوە پەرلەمانتارەكان ئازاد دەبن لە فراكسیۆنەكانیان جیا ببنەوە.

بەپێ ئەو پێشنیازە ھەموارە، پرۆژە یاسا و پێشنیازی یاسا پێناسەیان بۆ دیاری كراوە و پرۆژە یاسا ئەوەیە لە لایەن سەرۆكی ھەرێمی كوردستان یان سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان یان وەزیرەكان یان رێكخراو یان ئەنجومەن و دادگاكان دەنێردرێتە پەرلەمان، پێشنیاز و بڕیارە یاساش ئەوانە دەگرێتەوە كە لەلایەن ١٠ پەرلەمانتارەوە پێشكەش دەكرێت.

یەكێكی دیكە لە ھەمواری پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان زیادكردنی لیژنە ھەمیشەییەكانە لە ١٥ لیژنەوە بۆ ١٩ لیژنە و بەدەنگی ٦٧ پەرلەمانتار پەسەند كرا.

برگەیەكی دیكەی ھەمواری پەیڕەوی ناوخۆ، بڕگەی دوو لە ماددەی ١١٠ی پەیرەوی ناوخۆیە كە بەهۆیەوە پەرلەمانتارەكان ئازاد دەبن لە فراكسیۆنەكانیان جیا ببنەوە، ئەمەشیان بە دەنگی پەرلەمانتار ٨٠ پەرلەمانتار ھەموار كرایەوە.

لە بارەی ئەو ماددەیەی لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان لە سەرۆك و جێگر و سكرتێر پێك دێت، دەبێت یەكێك لە ئەندامەكانی دەستەكە ژن بێت، بە دەنگی ٨٩ پەرلەمانتار پەسەند كرا و بە دەنگی ٦٥ پەرلەمانتاریش ئەو ماددەیە وەك خۆی مایەوە كە ئەگەر یەك كاندید ھەبێت بۆ یەكێكـ لە سەرۆكایەتییەكانی پەرلەمان، ھەڵبژاردنی بۆ بكرێت تا كاندیدەكانی دیكەش دیاری دەكرێن.
 


PM:02:52:29/09/2019