لەبارەی یەک لیستی لە کەرکوک ڕوونکردنەوە دەدرێت

لایەنە سیاسیە كوردستانییەكان لەبارەی بەشداری كورد بە یەك لیستی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەناوچە جێ ناكۆكەكان روونكردنەوە دەدەن و لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیش دەڵێت "بەیەكدەنگی و یەكهەڵوێستی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكەین لەناوچە جێناكۆكەكان".

لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لەشاری هەولێر بەڕێوەچوو، نوێنەری لایەنە سیاسیەكان روونكردنەوەیان دا لەبارەی بەشداری لایەنە كوردستانیەكان بەیەك لیستی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەناوچە جێ ناكۆكەكان.

رزگار عەلی لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەرەتای كۆنگرەكەدا رایگەیاند بەیەكدەنگی و یەكهەڵوێستی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكەین لەناوچە جێناكۆكەكان و وتیشی: هەفتەی داهاتوو بەشداربوانی لیستە كوردستانییەكە جارێكی تر لەسلێمانی كۆدەبنەوە بۆ ئەوەی لەوادەی دیاریكراودا بەپێی رێنمابییەكانی  كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق كۆتایی بەكارەكانی خۆی بهێنێت تا لیستەكە لەكۆمسیۆن تۆماربكرێت تا لەداهاتوودا بەیەك دەنگ و رەنگ بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عیراق بكەین لەپارێزگاكانی كەركوك، نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالەو تەنانەت بەغداش.

راشیگەیاند: ئەم یەك لیستییە دەبێتە مایەی هەنگاونان زیاتر بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستورو دابینكردنی مافە دەستورییەكانی تر.

هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا خەسرۆ گۆران بەپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: لەكۆبوونەوەی داهاتوو لەبارەی سەرۆكی لیستەكە بڕیار دەدەین، هەروەها لۆگۆی لیستەكەش هێشتا یەكلانەكراوەتەوەو لەدوو رۆژی داهاتوودا بڕیاری لێدەدرێت.

وتیشی: كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ زیاتر  بۆ رێككەوتن بوو لەسەر بنەما سەرەكییەكانی كە هاوپەیمانی كوردستان لەسەری دەڕوات، دەرگاش بۆ هەموو لایەنە كوردستانیەكانی دیكەش كراوەیە بەشداری بكەن. 






PM:06:16:29/09/2019