ڤیدیۆیەکی زۆر سەرنجڕاکێشی دەستگیرکردنی دەیان تانکی سعودیە بەدەستی حوسیەکان

حوسییەکانی یەمەن دەستگیرکردنی سەدان سەربازی سعودیەو سوتان و دەستەبەسەراگرتنی چەندان تانک و زرێپۆشی سەربازی بڵاوکردەوە.

 
 ماڵپەڕەکانی نزیک حوسیەکان و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەندان ڤیدیۆی شەڕی یەمەن لەنێوان حوسیەکان و هێزەکانی سەر بەسعودیە بڵاوکراوەتەوە، کە بەسەدان تانک و زرێپۆش دەسووتێن و بەدەیان سەرباز و ئەفسەر دەستگیر دەکرێن.

 
لەوبارەیەوە یەحیا ساری وتەبێژی حوسییەکانی یەمەن، بەکەناڵی مەسیرەی زمانحاڵی خۆیانی راگەیاندوە، " گەورەترین ئۆپەراسیۆنمان ئەنجامداوە و لەمیانەی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا، توانیومانە سێ لیوای سەربە سوپای سعودیە شکستپێبهێنین."


 یەحیا رایگەیاندوە، لەو کاتەی هێرشەکان بۆ سەر وڵاتەکەمان دەستیپێکردوە، ئەمە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازییە کە ئەنجامیان دابێت.


هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکان، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە لەناوچەی باشوری هەرێمی نەجران ئەنجامدراوە. میدیاکانی سعودیە تا ئێستا هیچ راگەیاندنێکیان لەو بارەیەوە بڵاونەکردۆتەوە.

 
ئەو ڤیدیۆیە دوای ئەو نسکۆ گەورەیە دێت کە لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا رووبەڕووی دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە بوەوە، کاتێک بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر دامەزراوەی ئارامکۆ و حوسیەکان دەڵێن ئێمە ئەنجامان داوەو، ئەمەریکاو سعودیەش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئێران ئەو هێرشەی ئەنجام داوە. 

 

 


PM:08:57:29/09/2019