ئەمڕۆ لیستی هاوپەیمانی سەرۆکی لیستەکانی ناوچە جێناکۆکەکان دەستنیشان دەکات

بڕیارە ئەمڕۆ سێ شەممە ١/١٠/٢٠١٩ لە کۆبوونەوەیەکدا لە سلێمانی، سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستانی و سکرتارییەتەکەی و لۆگۆی لیستەکە دیاربکرێت، هاوکات سەرچاوەیەکی بەرپرس بە "سپی" ڕاگەیاند" چەند کاندیدێک لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە بۆ سەرۆکی لیستەکە پێشنیاز کراوە".

 
جەلال جەوهەر، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند" کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی لایەنە سیاسییەکان لە گرتی زەرگەرتە لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت و لایەنەکان لە ڕووی پرەنسیپەوە ئەوەیان یەکلا کردۆتەوە کە لە کەرکوک و نەینەوا و دیالە، بەیەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا دەکەن".

هەروەها ئەو ئەندامەی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەشکرد" لەسەر ئەوەش ڕێککەوتووین کە ناوی لیستەکە هاوپەیمانی کوردستانی بێت، بۆ پرسی یەکلاکردنەوەی سەرۆک لیستیش ئەوە دەزگاکانی هەڵبژاردنی هەموو لایەنەکان ئەو ئەو پرسانە یەکلا دەکەنەوە، کە چاوەڕوانکراوە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سەرۆکی لیستەکەش دیاری بکرێت".

هاوکات میدیاکانی نزیک لە پارتی ئاماژە بەوە دەکەن: چەند کاندیدێک لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە بۆ سەرۆکی لیستەکە پێشنیاز کراوەن و زۆرینەی بۆچوونی لایەنەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە "عەبدولڕەحمان مستەفا"، پارێزگاری پێشووتری کەرکوک سەرۆکی لیستەکە بێت، چونکە ڕای زۆرینەی لایەنەکانی لەسەرە و لەو ماوەیەی لە پۆستی پارێزگاری ئەو شارەدا بوو، ئەدای لەبەرامبەر بە کورد و هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکەی کەرکوک بەباش دانراوە. 

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ٢٨ ی ئەیلولی ٢٠١٩ لایەنە کوردستانییەکان کۆبوونەوە و بڕیاریان دا بەیەک لیست بەشداری لە هەڵبژابژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا بکەن، کە بڕیارە لە یەکی نیسانی ساڵی ئایندە ئەنجام بدرێت، هەروەها لایەنەکان ئاشکراشیان کرد کە ناوی لیستەکەیان (هاوپەیمانی کوردستانی) دەبێت. 

 


AM:09:49:01/10/2019