عێراق...لەم مانگەدا 107 ملیۆن‌ بەرمیل نەوت هەناردە کراوە

وەزارەتی نەوتی عیراق ئاماری هەناردە‌و داهاتی نەوتی بۆ مانگی ئەیلول بڵاوكردەوە‌و بەگوێرەی ئامارەكەش لەو مانگەدا 107 ملیۆن‌و 276 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەكراوە‌.

عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەكانی كۆمپانیای سۆمۆ، لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵدا 103 ملیۆن‌و 10 هەزار بەرمیل نەوت لە كێڵگەكانی ناوەڕاست‌و باشووری عیراقەوە هەناردەكراوە، لە كێڵگەكانی كەركوكیشەوە 3 ملیۆن‌و 166 هەزار بەرمیل‌و لە كێڵگەی گەیارەشەوە نزیكەی 878 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە كراوە، جگە لەوەش 221 هەزار‌و 977 بەرمیل نەوت هەناردەی ئوردن كراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو تێكڕای هەناردەكردنی نەوت لە رۆژێكدا 3 ملیۆن‌و 576 هەزار بەرمیل بووە، لەو بڕەش 3 ملیۆن‌و 434 هەزار بەرمیلی لە بەندەرەكانی باشوور‌و 106 هەزار بەرمیل نەوتی لە بەندەری جەیهانی توركیاوە هەناردەكراوە، هەروەها لە كێڵگەی گەیارەوە رۆژانە 29 هەزار بەرمیل‌و بۆ ئوردنیش 7 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەكراوە.

وەزارەتی نەوتی عیراق ڕایگەیاندووە لەمانگی ئەیلولدا تێكڕای نرخی یەك بەرمیل نەوت بە 59 دۆلار‌و 149 سەنت فرۆشراوە.


PM:06:58:01/10/2019