لەسەر پەخشكردنی دراما بیانیەكان هۆشداری بە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن دەدرێت

بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێم، هۆشداری دەداتە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و ڕایدەگەیەنێت پێویستە میدیای بینراو و بیستراو رەچاوی ئەو خاڵانە بكەن زیان نەگەیاندن بە نەریت و بەرژەوەندی گشتی، لە حاڵەتی پابەندنەبونیان دەتوانین سەرپێچی دیاری بكەن و سزا دیاری بكەن وەك ئەوەی لە رێنماییەكەدا دیاری كراوە.

شێروان عەزیز، بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێم، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی نوسراوێكی ئاڕاستەی وەزارەتی رۆشنبیری كردبوو، تیایدا زیادبونی تەڵاق و بەشێك لە كێشە كۆمەڵایەتیەكانی گەڕاندبوەوە بۆ دراما بیانیەكانی داوای سنورداركردنی دراما كردبوو، لەسەر ئەو پرسە هەنگاوی پێویست دەگرینەبەر.

وتیشی: لە هەرێمی كوردستان كار بە رێنمایەك دەكەین رێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2014 كە تایبەتە بە رێكخستنی سپەیسی فریكوێنسی و مۆڵەتی رادیۆ و تەلەفزیۆنەكان ئەویش پشت بەستن بە ماددە 2 برگەی نۆ لە یاسای وەزارەتی رۆشنبیری و یاسای كاری رۆشنامەگەری ژمارە 35 ساڵی 2007 كە لەپەرلەمانی كوردستان دەرچونە.

ئەوەشی خستەڕوو: بەپێی ئەو رێنماییە پێویستە میدیا بینراو و بیستراو رەچاوی ئەو خاڵانە بكەن زیان نەگەیاندن بە نەریت و بەرژەوەندی گشتی لە چوارچێوەی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان و دوركەوتنەوە لە تێكدانی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و خێزان، پەخشنەكردنی ئەو بەرنامە و بڕكانەی كە هانی جیاكاری رەگەزی و توندڕەوی و دەمارگیری دەدەن لە هەمو بوارەكانی ژیان و ئاینی و نەتەوەیی و تایفەگەری و ناوچەگەری.

ئاماژەی بەوەشكرد: لە حاڵەتی پابەندنەبونی كەناڵەكان و دیاریكردنی سەرپێچیەكان لە لایەن یەكێك لە وەزارەتی رۆشنبیری، سەندیكای رۆژنامەنوسان، داداگا یان داواكاری گشتی دەتوانین سەرپێچی دیاری بكەن و سزا دیاری بكەن وەك ئەوەی لە رێنماییەكەدا دیاری كراوە.

 


PM:03:30:02/10/2019