گفتوگۆی ئاشتی ئەمریکا و تالیبان دەستپێدەکاتەوە

زاڵمای خەلیلزاد، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆئاشتەوایی لە ئەفغانستان و دانوستانکارانی سیاسی تالیبان گەیشتنە پاکستانی بۆ نوێکردنەوەی وتووێژەکانی نێوانیان.

شاندی تالیبان سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە چەند کاتژمێرێک پاش خەلیلزاد و تیمەکەی گەیشتنە پایتەختی پاکستان و هەردوو تیم بۆ چەند ڕۆژێک لە وڵاتەکە دەمێننەوە.

لە کاتێکدا هەردوولا سورن لەسەر ئەوەی سەردانی پاکستان بە مەبەستی وتووێژی فەرمی دەکەن لەگەڵ کاربەدەستانی حکومەتی میواندار، بەڵام وتەبێژی تالیبان سوهەیل شاهین بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " وتووێژێکی ڕاستەوخۆ لە نێوان تیمە 11 ئەندامێکەی تالیان و شاندی ئەمەریکا ڕەت ناکەمەوە و شاندی تالیبان هەتا شەشی مانگی دە لە ئیسلام ئاباد دەمێننەوە".

ئەم سەردانە چاوەڕوان نەکراوە چەند هەفتەیەک پاش ئەوە دێت کە سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ دەستبەجێ کۆتاییهێنا بەو وتووێژانە زیاتر لە ساڵێک بوو لە نێوان ئەمەریکا و تالیبان ئەنجام دەدران لە کاتێکدا کە هەردوو لا زۆر نزیک ببونەوە لە مۆرکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی کە دەشیا کۆتایی بە شەڕی 18 ساڵەی ئەفغانستان و درێژدەمترین شەڕی لەشکری ئەمەیرکا بهێنایە.

وتەبێژێکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، خەلیلزاد کە ڕێبەرایەتی تیمی ئەمەریکا دەکات لە وتووێژەکاندا لەگەڵ تالیبان، ئەم هەفتەیە لە ئیسلام ئاباد دەبێت بۆ بەشداریکردن لە وتووێژ و ڕاویژکردن لەگەڵ هاوشانە پاکستانییەکانی.

 
بێ ئەوەی ڕوونکردنەوەی زیاتر بدات ئەو وتەبێژە وتیشی " ئەم ڕاوێژکارییە دووابەدووای وتووێژەکانی نێوان ئەمەریکا و پاکستان لە میانەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیو یۆرک سەری هەڵداوە."




PM:06:10:02/10/2019