د. پێشەوا تاڵەبانی كۆچی دوایی كرد

بەیانی ئەمڕۆ 3ی ئۆكتۆبەری 2019 دكتۆر پێشەوا تاڵەبانی پێشمەرگەی دێرین و تێكۆشەر و ڕووناكبیر لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە لە تەمەنی 60 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

د. پێشەوا تاڵەبانی ساڵی 1959 لە گوندی كەلكان لە بناری چیای كۆسرەت لە دایكبووە و لە قۆناغی چواری كۆلێژی ڤێتێرنەری لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی بەعسەوە دەستگیر دەكرێت بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ڕێكخستنەكانی یەكێتی، دواتر بەر لێبوردنی گشتی دەكەوێت و ئازاد دەكرێت، ساڵی 1982 دەچێتە ناو ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ساڵی 1987 دەچێتە وڵاتی بەریتانیا و تا ساڵی 1992 دەبێتە مامۆستای زانكۆ.

ساڵی 1992 دەگەڕێتەوە كوردستان و دەبێتە ئەندامی سەنتەری لێكۆلێنەوەی ستراتیژی كوردستان.

لەساڵی 1993 تا 1996 دەبێتە بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان كەناڵی هەولێر  و ساڵی1996 تا 1998 دەبێتە ئەندامی مەكتەبی ڕێكخستنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و دواتر دەبێتەبەڕێوەبەری پەیمانگای كادیرانی یەكێتی، ماوەیەكیش سەرنووسەری گۆڤاری ڕێیازی نوێ بووە.

د. پێشەوا تاڵەبانی لە ساڵی 1998 وە تا كۆچی دوایی لە بەریتانیا دەژیاو خاوەنی سێ منداڵە دوو كچ و كوڕێك. 


PM:02:20:03/10/2019